سەرۆك بارزانی هەردوو یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی واژۆ كردن

هەولێر-KDP.info- بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان كە كۆپییەكی دەست ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، (سەرۆک بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەردوو یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان و یاسای هەمواركردنی جێبەجێكردنی یاسای سزادانی عێراقی واژۆ كردن.
راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (٨)ـی رۆژی ١٣/٤/٢٠١٥ یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان-عێراق بۆ راپرسی پەسەند كرد و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا بە مەبەستی واژۆكردنی، لای خۆیشییەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (٧)ـی ساڵی ٢٠١٥ لە ١٣/٤/٢٠١٥ واژۆی لەسەر یاساكە كرد.
ئەوەیش خراوەتە ڕوو كە، یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان ـ عێراق بۆ راپرسی، (١١) ماددە لە خۆ دەگرێت، ماددەی دووی ئەم یاسایە باس لەوە دەكات كە لیژنەیەك بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت كە (٢١) كەس لە خۆ بگرێت، جا ئەندامی پەرلەمان بن یاخود لەدەرەوەی پەرلەمان بن، بە مەرجێك كەسی پسپۆڕ یان خاوەن ئەزموون بن و رێژەی ژنان و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەییەكانیش لە خۆ بگرێت.
بەپێی هەمان راگەیەندراو، بە گوێرەی ماددەی سێیەمی یاساكە پێویستە لیژنەكە لە ماوەی (٣٠) رۆژدا پێك بێت و بڕیارەكانی لیژنە بە سازان بێت، لە ماددەی چوارەمی یاساكەدا هاتووە كە دەبێ لیژنەكە لە ماوەی (٩٠) رۆژدا كارەكانی تەواو بكات و ئەگەر لەم ماوەیەیشدا كارەكانیان بۆ تەواو نەكرا، ئەوا بەپێی پێویست پەرلەمانی كوردستان بۆی هەیە درێژی بكاتەوە.
ئاماژە بەوەیش كراوە، بە گوێرەی ماددەی پێنجەم دەبێ كۆی پڕۆژەكە بە رەزامەندیی لانی كەم (٣/٢)ـی ژمارەی پەرلەمانتاران پەسەند بكرێت و ماددەی شەشەمیش دەڵێت، بە مەبەستی ئاگایی هاووڵاتیان، پڕۆژەی دەستووری پەسەند كرا و لەلایەن پەرلەمانەوە بە زمانەكانی پەیڕەوكراو (كوردی، عەرەبی، توركمانی، سریانی و ئەرمەنی) چاپ و بڵاو بكرێتەوە، بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ راپرسی لە ماددەی حەوتەمدا ئاماژە دراوە كە، دەبێ سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ماوەیەكدا كە لە (٣٠) رۆژ تێپەڕ نەبێت، هەماهەنگی بكەن.
هەر لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە كە راپرسی بە رادەربڕین دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە كە (ئایا رەزامەندیت لەسەر پڕۆژەی دەستووری كوردستان-عێراق؟)، وەڵام بە (بەڵێ) یان بە (نەخێر) و پڕۆژەكەش بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران بە پەسەندكراوی دادەنرێت.
هاوكات بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری فەرمیی پەرلەمانی كوردستان، (سەرۆك بارزانی) یاسای هەمواركردنی جێبەجێكردنی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ـی ساڵی ١٩٦٩ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستانی پەسند كرد.
بەپێی هەمان هەواڵ، بە گوێرەی نووسراوی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ژمارە د-٢٥٩ كە لە ٢٨/٤/٢٠١٥ دەرچووە و لە رێككەوتی ٢٩/٤/٢٠١٥ گەییشتووەتە پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاسای هەمواركردنی جێبەجێكردنی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ـی ساڵی ١٩٦٩ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستانی پەسند كرد، ئەو یاسایە لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
شیاوی گوتنە، پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایەی لە دانیشتنی ژمارە (٧)ـی ئاسایی لە رۆژی ٧/٤/٢٠١٥ دەرچوواندووە و رۆژی ٢٠/٤/٢٠١٥ ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردووە بە مەبەستی پەسندكردنی.
یاساكە لە پێنج ماددە پێك هاتووە و هۆكارەكانی دەرچوواندنی و مەبەست لە هەمواركردنەوە و دەرچوواندنی یاساكە بۆ چەسپاندنی دادگەری و هێنانەكایەی كۆمەڵگایەكی دوور لە توندوتیژی و جیاكاریی رەگەزییە.
بڵند ئیبراهیم




