٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئۆباما باش و ئەرێنی دەبێ.. ستیوارت جۆنز: درک بە نیگەرانییەکانی عێراق دەکەین

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەەیەکی پێشووتری سەرۆک بارزانی و سەرۆک ئۆباما. واشنتن

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەبڕیاری کۆنگرێسی وڵاتەکەی پێوەست بە کورد و سوننە، هێشتا لە قۆناخی یەکەمیەتی؛ ئاماژەیشی دا کە، ئەمەریکا لە نیگەرانییەکانی عێراق تێدەگات. جەختیش دەکاتەوە "کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) و سەرۆکی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) و جێگرەکەیشی (جۆو بایدن) باش و ئەرێنی دبێ."


(ستیوارت جۆنز) ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سۆمەرییە نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەو دەربارەی ئەو پرسە و نیگەرانییەکانی عێراق، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی تایبەت بەم پرسە کۆ دەبێتەوە و قسەی لەبارەوە دەکەن.

(جۆنز) گوتیشی، "من ناتوانم لە جیاتی کۆنگرێس قسە بکەم، بەڵام جەخت دەکەینەوە لەوەی کە، ئەو سیاسەتە فەرمییەی کە سەرۆکی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) کێشاویەتی، پشتیوانیکردنە لە عێراقێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری"، دەیشلێت، "ئەو بیرۆکەیەی کە لە لایەن لیژنەیێکەوە پێشنیاز کراوە و لە قۆناخەکانی سەرەتایدایە و هەنگاوی جیا و زیاتری لەبەردەمە."

وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەو نیگەرانییەی عێراق تێدەگات، کەچی پەرچەکرداری توندی پێشوەختە پێوەست بەم پرسە هاتوونەتە ئاراوە"، ئاماژەیشی دا، "هەفتەی دادێ من دچمەوە واشنتن و ئەندامانی لیژنەی هێزە چەکدارەکان دەبینم و ئەم پرسە دەخەینە بەر باسەوە."

وەها بڕیارە (سەرۆک بارزانی) سەرەتای مانگی دادێ، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی و گەورەبەرپرسانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە داوەتی فەرمی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
هەڵبەت (ستیوارت جۆنز) جەخت دەکاتەوە "ئێمە شانازی بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکەین"، گوتیشی "کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) و سەرۆکی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) و جێگرەکەیشی (جۆو بایدن) باش و ئەرێنی دەبێ."


دوێنی چوارشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند کە، سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە عێراق نەگۆڕە و پشتیوانییش لە عێراقێکی یەکگرتوو دەکات، ئاماژەیشی داوە بەو پڕۆژەبڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی کە پشتبەستوو نییە بە هیچ یاسایەک و، پێچەوانەی سیاسەتی ئەمەریکایش نابێ.

هەردوێنێ، حکوومەتی عێراق، پڕۆژەبڕیاری پێشنیازکراوی کۆنگرێسی ئەمەریکای ڕەت کردەوە کە پێوەستە بە مامەڵکردن لەگەڵ کورد و سوننە لە عێراقدا وەک دوو دەوڵەتی جیا، ئەمەیشی بە دابەشکردنی زیاتر لە ناوچەکە لێکداوەتەوە.

وەها بڕیارە لیژنەی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، دەنگ لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە بدات کە کۆنگرێس پێشنیازی کردووە و پێوەستە بە، چۆنیەتیی مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ کورد و سوننە لە عێراق وەک دوو دەوڵەت، ئەمەیش لەپێناو پێشکەشکردنی هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ کورد و سوننە.

و/زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار