بانكی جیهانی لە پلانیدایە هاوكاریی ئەو ناوچانە بكات كە لە چنگ داعش ئازاد كراون

هەولێر-KDP.info- بانكی جیهانی پڕۆژەیەك بۆ بەرەوپێشچوونی رەوشی دارایی ئەو ناوچانەی لە دەست داعش وەرگیراونەتەوە، دەخاتە پلانییەوە و، پڕۆژەكەیش بەشێكە لە پلانێكی گەورە بۆ بەرزكردنەوەی بانكە وەبەرهێنە جیهانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە ساڵانی داهاتوودا.
جیگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا (حافیز غانم) گوتی: "بانكی جیهانی لە هەوڵدایە كە رەوشی دارایی ئەو ناوچانە بەرەوپێش ببات لە عێراق كە حكوومەت لەم دواییانەدا لە دەستی داعشی سەندوونەتەوە".
(غانم) گوتیشی: "لە سەردانی ئەم هەفتەیەمدا بۆ عێڕاق، كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان دەكەم و تاوتووی ئەو ڕێگایانە دەكەین بۆ یارمەتیدانی حكوومەت لە كێشەی كەموكوڕیی بوودجە، كە بە هۆی داهاتی نەوتەوە تووشی بووە".
هەرزانیی نرخی نەوت، باری دارایی عێراقی لەق كرد و حكوومەتیش پارەیەكی زۆری لە بواری سەربازیدا خەرج كرد لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامیەكاندا، كە بووە هۆی كوژرانی هەزاران هاووڵاتی و تێكچوونی خزمەتگوزارییەكان و ژێرخانی ئابووری.
گرووپی تیرۆریستیی داعش زیاتر لە سێ یەكی وڵاتەكەی لە هاوینی پار ساڵەوە داگیر كرد.
جیگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە چاوپێكەوتنێكیدا لە لوبنان رایگەیاند: "ئەم ناوچانەی لە لایەن حكوومەتەوە لە ژێر دەستی داعش ئازاد كراون، زەحمەتیی زۆری ژیانی تێدایە بە هۆی كەوتنی ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و تەندروستی".
(غانم) هەروەها گوتی: "هەوڵ دەدەین هاوكاری لە پڕۆژەی داراییەوە وەدەست بێنین بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان لەو ناوچانەدا".
پشتگیری بۆ هەرێمەكە:
جیگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ئاماژەیشی دا: "پڕۆژەكە بەشێكە لە پلانێكی گەورە بۆ بەرزكردنەوەی بانكە وەبەرهێنە جیهانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە ساڵانی داهاتوودا".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە "عێراقییەكان كێشەی سیاسی و شەڕی تاییفی و كێشەی ئەمنی بەرۆكی گرتوون، بۆیە زەحمەتە لەگەڵ بوونی ئەم كێشانەدا بتوانرێت بە ئاسانی باری دارایی بەرەوپێش ببرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا من بڕوام وایە گەشەی دارایی زۆر گرینگە وەك بەشێك لە چارەكردنی كێشە سیاسییەكان".
و: خەسرەو حەمەڕەشید




