گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە

شنگال-KDP.info-قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بەردەوامە و، وا ئەو ئاوارانەی کە لە دهۆك و شوێنی دی بوون دەگەڕێنەوە؛ دیارە ئاسایشی ئەو ناوچانە دابینە و، هیچ كێشەیەكیان نییە.
(مەیسەر حەجی) قایمقامی شارۆچكەی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "گەڕانەوەی خەڵكی ناوچە ئازادکراوەكان بەردەوامە و، ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە، ئێمەیش وەك ئیدارەی ناوچەكە هەموو ئامادەكاریەكمان بۆ ئاوارەكان كردووە؛ ڕۆژانە لە شارەدێی سنوونێ كاری ئیداری بەڕێوەدەبەین و خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە دابین دەكەین؛ زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی زومار گەڕاونەتەوە و هەموو خزمەتگوزارییەكمان بۆ ئەو شارەدێیە دابین كردووە."
(حەجی) ئاماژەی بەوەش كرد، ئاسایشی ئەو ناوچانە تەواو دابینە و، هێزەكانی پێشمەرگە بە هەموو ناوچە ئازادكراوەكاندا بڵاو بوونەتەوە و، خەڵکەکەیش دڵیان پێیان خۆشە."
ڕابین شێروانی




