لە خورماتوو منداڵێكی رفێندراو بە 30 هەزار دۆلار ئازادكرا

خورماتوو-KDP.info-لە شارۆچكەی خورماتوو، پاش ئەوەی لە لایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە، منداڵێك ڕفێندرا، ئەمرۆ منداڵەكە بە 30 هەزار دۆلار ئازاكراو ڕفێنەرەكان هەندێك یاری منداڵانەیان بۆ مناڵەكە بە دیاری كڕیوە.
لەوبارەیەوە بەرێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، محەممەد فایەق بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: سێ رۆژ لەمەوبەر لە گەرەكی كۆماری شارۆچكەكە لە لایەن ژمارەیەك چەكدارەوە، منداڵێكی قوتابی لە كاتی رۆیشتنی بۆ قوتابخانە ڕفێندرا.
محەممەد فایەق گوتیشی: پاش رێكەوتنی چەكدارەكان و كەسوكارەكەی، ئەمرۆ لە بەرامبەر 30 هەزار دۆلار لە لایەن چەكدارەكانەوە منداڵەكە ئازادكرا.
رونیشیكردەوە، ئەو منداڵە ناوی "حەمودی رەشاد"ەو لە عەرەبە رەسەنەكانی ناوچەكەن. چەكدارەكان بۆ ئازادكردنی داوایان لە كەسوكارەكەی كردبوو بڕە پارەكە لە گۆڕستانێكی نزیك شارۆچەكە دابنێن و پاش بردنی پارەكە منداڵەكەیان لە هەمان ناوچەكە ئازادكردبوو و هەر خۆشیان كەسوكارەكەیان ئاگاداركردبووەوە.
بە پێی زانیارییەكان رفێنەرەكان منداڵەكەیان بە كەلەپچەكراوی لە گۆرستانێكی نزیك شارۆچكەكە دانابوو، هەندێك یاری منداڵانەشیان بە دیاری بۆ كڕیبوو.
كاروان جاف




