بەربژارەكانی لیستی خزمەت بەیانی دەنگیان پێ دەدرێت

سلێمانی -KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناوی بەربژارەکانی خۆیانیان ناردووە و، بڕیارە بەیانی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
(زیاد كاكەڕەزا) سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "فراكسیۆنی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناوی بەربژارەكانی نار دووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و بڕیارە بەیانی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەدا دەنگ لەسەر هەر ١٣ بەربژارەكەی فراكسیۆنی خزمەت بدرێت، کە بڕیارە پۆستیان بدرێتێ. ئێمەش وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دەنگدانەكەی بەیانیدا بەشداری دەكەین."
(كاكەڕەزا) گوتیشی: "ئێمە تاكو ئێستا لەگەڵ لایەنەكاندا نەگەیشتوینەتە هیچ ڕێكەوتنێك؛ خۆ قایمقامی ناوەندی هەڵەبجەمان پێ بدرێت، دەستبەجێ ئێمەش دەكەوینە خۆمان و، ناوی بەربژارەكانمان ڕەوانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەین. ئەگەر ئەم پۆستەی هەڵەبجەیشمان پێ نەدرێت نە لە هەڵەبجەدا بەشداری دەكەین، نە لە سلێمانیدا."
بە گوێرەی ئەو نووسراوەی ڕوونووسێکیشی نێردراوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، فراكسیۆنی خزمەت، دوو پۆستی قائیمقامیەت، حەوت بەڕێوەبەری ناحیە، دوو بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری هونەریی گەرمیانی بەر دەكەوێت.
سەرباز واحید




