پێدەچێت سبەینێ سەرۆكی هەرێم مەرسوومێكی هەرێمایەتی دەربكات

هەڵەبجە-KDP.info-(عەبدوڵا نەورۆڵی) تازەپارێزگارەکەی هەڵەبجە رایگەیاند، كارنامەی بەربژارەکانی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارەتی و جێگرەكانی، ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم كراون؛ ئەگەر سەرۆكی هەرێم فریا بكەوێت پێدەچێت سبەینێ واژۆ لەسەر ناوەكان بكات و، مەرسوومێكی هەرێمایەتی بۆ دەستبەكاربوونیان دەربكات؛ ئەگەر ئەوە نەبوو ئەوا بە دڵنیاییەوە لە دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە ئەمەریكاوە ئەو مەرسوومە دەردەكرێت.
كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان و (عەبدوڵا نەورۆڵی) تازەپارێزگارەکەی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەو چەند ڕۆژەدا کارنامە (سیڤی)ـی پارێزگار و دوو جێگرەكەیشی ڕەوانەی وەزارتەی ناوخۆ و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و، وا ئێستا ناوەكەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمیش كراوە.
گوتیشی ئەمڕۆ (د. ئامانج ڕەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری كردوونەتەوە كارنامەی بەربژارەکانی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارەتی و جێگرەكانی، ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم كراون؛ ئەگەر سەرۆكی هەرێم فریا بكەوێت پێدەچێت سبەینێ واژۆ لەسەر ناوەكان بكات و، مەرسوومێكی هەرێمایەتی بۆ دەستبەكاربوونیان دەربكات؛ ئەگەر ئەوە نەبوو ئەوا بە دڵنیاییەوە لە دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە ئەمەریكاوە ئەو مەرسوومە دەردەكرێت.
تازەپارێزگارەکەی هەڵەبجە جەختی لەوەیش كردەوە دوای دەركردنی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێم، دیسان وەزارتی ناوخۆ بە نووسراوێكی فەرمی ناوەكانیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەكاتەوە، بۆ ئەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەربچێت؛ هەڵبەت بەر لە دەستبەكاربوون، لە پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن.
ساڵێك زیاترە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا و، سەرۆكایەتیی هەرێمیش بڕیارەكەی واژۆ كردووە، بەڵام هێشتایش پارێزگار دەستبەكار نەبووە.
ئاسۆ عەلی




