عەرەب و تورکمانەکان بە بوونی پێشمەرگە ئاسودەن..حەشدی شەعبییان ناوێ

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێ، خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەبوونی پێشمەرگە ئاسوودەن؛ بە پێچەوانەوە هەبوونی حەشدیشەعبییان پێ خۆش نییە.
(نەسرەدین سەعید) سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ناوچانە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەموو پێكهاتەكان پێیان باشە پێشمەرگە بچێتە ئەوێ و، بیشمێنێتەوە؛ سەردانی خەڵكی ناوچەكەمان كردووە، ئەو ناوچانەی پێشمەرگەی لێیە، خەڵكەکە بە کورد و عەرەب و تورکمانیشەوە، ئاسوودەترن، بەڵام ئەو شوێنانەی حەشدیشەعبییان لێیە خەڵكەکە دڵئەرخەیان نینە."
(نەسرەدین سەعید) گوتیشی: "یەكێكی وەكو (حەنان فەتلاوی) شەڕ بە كورد دەفرۆشێت و، دژایەتیی كورد دەكات، لەو چوار ساڵەدا كە لە لیژنەی 140ـدا بوو، کۆسپی دەخستە بەر جێبەجێكردنی ماددەكە، (هادی عامری)، نەیهێشت تاکە هەنگاوێكیش، ماددەی 140 بچێتە پێشەوە."
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئاشكرایشی كرد، لە ساڵی 2011 و 2012 و 2013 نزیكەی 270ملیار دینار بۆ خزمەتگوزاریی هەندێك ناوچەی كوردستانی دانرابوو، بەڵام ئەو ناوچانەی كەوتنە دەست داعش زۆربەی ئەو پرۆژانە تێك دراون و كاول کراون.
یهحیا سابیر




