٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەكەكە بۆ مەرامی سیاسیی خۆی دەیەوێت شنگال و شنگالییەكان لێك جیا بكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info- ئەوەی ئەمڕۆ پەكەكە دەیكات، خزمەت بە یەكڕیزیی گەلی كورد و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان ناكات، بەڵكە دەبێتە هۆی ناكۆكی و دووبەرەكی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و هاتنی دەستی دەرەكی بۆ ناو هەرێمی كوردستان. كە ئەوەیش لە بەرژەوەندیی نەتەوەی كورددا نییە، پەكەكە بێ ئەوەی حساب بۆ دەسەڵاتی شەرعی لە ناوچەكە بكات، هەر رۆژە و لە شنگال كارێكی ناڕەوا دەكات، ئەوەیش كوردانی ئێزدیی تووڕە كردووە. چاودێرانی سیاسی و لایەنە سیاسییەكان، دەڵێن: پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی كار دەكات، نەك بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەم كارەی پەكەكە قبووڵ نییە و دەبێت هەرچی زووە ئاگادار بكرێتەوە، ئەگەرنا شنگال و شنگالییەكان بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات، ئەوەیش لە دواڕۆژدا بە خراپی بەسەر پەكەكەدا دەشكێتەوە.

شرۆڤەكاری سیاسی (مستەفا شەفیق)، گوتی: "ئەو ڕەوشەی لە شنگال دروست بووە تا ئێستا جۆرە كێشمەكێش و ململانێیەك هەیە، مەبەستی پەكەكە لە دروستكردنی كانتۆن و كردنەوەی قوتابخانە لە شنگال، بۆ ئەوەیە هێزێكی ئەوان لە شنگال هەبێت، ئەگەرنا ئەوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی شنگالدا نییە و تەنیا بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان ئەو كارە دەكەن. خاڵی دووەم ئەوەیە، كە لە كاتی كەوتنی شنگال زۆر لە لایەنەكان دەهۆڵی ئەوەیان لێ دەدا كە پارتی و كورد لە شنگال تووشی شكست بوون و زەبر بەر كوردانی ئێزدی كەوتووە، كە دەیانویست ئەو شتە هەموو لەسەر پارتی بكەنە ماڵ، بەڵام بە پێچەوانەوە پاش ماوەیەكی كەم بە دیپلۆماسییەتێكی بەهێز، هەموو شتەكان وەك خۆیان لێهاتەوە و هەتا توانییان سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بهێنن، بۆیە زۆر لایەن وای بۆ دەچوون پاش ئەو سەركەوتنە ڕەوشێكی دیكەی نوێ لە شنگال دروست دەبێت و دێتە پێشەوە، كە ئەو لایەنانە دەیانویست خۆیان لە شنگال بكەنە خاوەن و سەروەرییەكان بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن، چونكە هەموو لایەنەكان مەبەستیان ئەوە بوو لەسەر حسابی پارتی ئەو شتە بكەن، بەڵام خەڵكی شنگال رێگرییان لەو لایەنانە كرد، كە دەیانویست شنگال و شنگالییەكان لێك جیا بكەنەوە، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا پەكەكە لە ناوچەكە دەیكات، ئەنجامێكی باشی نابێت، چونكە لە شنگال دەسەڵاتێكی شەرعی هەیە، پەرلەمان هەیە، حكوومەتێكی بنكەفراوان هەیە. ئەوان بێ ئەوەی حساب بۆ دەسەڵات بكەن، ئەو كارەیان كردووە، چالاكیی پەكەكە لە ناوچەكە لەلایەن حكوومەتەوە قبووڵ نییە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە ئاگادار بكرێنەوە بێ ئەوەی شتێكی دیكە بكەن، چونكە ئەوەی ئەوان لەوێ دەیكەن شتێكی خراپە و لە دواڕۆژدا بە خراپی بەسەریاندا دەشكێتەوە".

(مستەفا شەفیق) گوتیشی: "پێویستە پەكەكە تەماشای ئەزموونی رابردوو بكات، چونكە مێژووی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی هەشتاكان دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی لەو سنوورەی كە زیاتر پارتیی تێدایە، هەر بۆیە هاتنی ئەوان بۆ ئەو شوێنانە بە هاوكاری و پشتیوانیی پارتی بووە، پارتی زۆر هاوكاریی ئەوانی كردووە، بەڵام بە داخەوە ئەوان لەسەر ستراتیژییەكی دیكە كار دەكەن، لە هەر پارچەیەك ئەوان بۆ بەهێزبوونی خۆیان كار دەكەن، نەك بۆ بەرژەوەندیی گشتی. هەر حزبێك لە هەر شوێنێك بێت، دەتوانێت خەباتی خۆی بكات، بەڵام نەك دژی شەرعییەتی ئەو شوێنە بێت، لێرە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، پەرلەمان هەیە، دەتوانن لە رێگەی ئەوانەوە كار بكەن، نەك ئەوان چۆن بیانەوێت بەو شێوەیە كار بكەن".

چاودێری سیاسی (عوسمان ئۆجەلان)ـیش باوەڕی وایە: "كوردستان لە رەوشێكی تایبەتدایە، داگیركەران بەردەوام هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی كورد لاواز بكەن، بۆ ئەوەی هیچ كاتێك كورد بە مافە رەواكانی نەگات، بەڵام دەسەڵاتی كورد لە باشووری كوردستان بە پێچەوانەوە رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە دەچێت، كوردستانی باشوور ئێستا وەك وڵاتێكی پێشكەوتووە، دەستتێوەردان و دەستدرێژیی پەكەكە بۆ باشووری كوردستان، وەك داگیركەر وایە، پەكەكە دەیەوێت دەسەڵاتی كورد لە باشووری كوردستان لاواز بكات، كە ئەوەیش هەمووی بۆ مەرامی خۆی ئەو كارە دەكات. هەروەها لە لایەكی دیكەوە پەكەكە لەسەر سیستەمێك دەڕوات كە نایەوێت كورد ببێتە دەوڵەت و ئەو هاووڵاتیانەی لە ژێر دەستی ئەودا دەژین ئازاد بن، سیستەمی كانتۆن، سیستەمی داگیركەرە، سیستەمی كانتۆن ناتوانێت مافی كورد بەدەست بهێنێت، بەڵكە كورد بەرەو دواوە دەبات و دەسەڵاتی كورد لاواز دەكات، ئەو سیستەمەی پەكەكە دەیەوێت لە شنگال جێبەجێی بكات، سیستەمێكی دروست نییە و شتێكی زۆر خراپە و كورد لاواز دەكات، سیستەمی كانتۆن و كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە بە نایاسایی، خزمەت بە حكوومەتی عێراق دەكات، نەك هەرێمی كوردستان".

( ئۆجەلان) ئاماژەیشی دا: "پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، نەك دژی حكوومەتی هەرێم ڕابوەستن، سیستەمی سیاسی، سیتەمێكی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، پێویستە هەموو هێز و لایەنەكان پشتگیریی سیستەمی فیدڕاڵی بكەن تا جێبەجێ بكرێت، چۆن موسڵمانان روو لە كەعبە دەكەن بۆ نوێژ، بە هەمان شێوە كەعبەی سیاسیی كورد باشووری كوردستانە، بۆیە پێویستە هەر تاكێكی كورد روو لە كوردستان بكات و پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم بكات، تا كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی شاد دەبێت. دەسەڵاتی كورد چەند لە باشووری كوردستان پێش بكەوێت، كورد ئەوەندە پێش دەكەوێت، من داوا دەكەم شنگال بكرێتە پارێزگا و سەر بە هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر خزمەتی كوردانی ئێزدی بكات، بۆیە من لەو باوەڕەدام بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە هەنگاوی جیددی نراوە".

هاوکات ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی(غازی حەسەن) دەڵێ: "شنگال ناوچەیەكی گرینگ و ستراتیژییە، یەكێكە لەو شوێنانەی كە دەكەوێتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەر كارێك لەو ناوچەیە لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، هەر كارێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم بكرێت، جێگەی قەبووڵ نییە، مەبەستی پەكەكە لە كردنەوەی قوتابخانە و دروستكردنی كانتۆنی شنگال تەنیا بۆ مەرامی سیاسی و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچەیە، ئەگەرنا هیچ شتێكی دیكەی لەپشتەوە نییە. بەڵام ئەو هەنگاوی ئەوان دەینێن بە هیچ شێوەیەك سەر ناگرێت و جێگەی قبووڵ نییە، چونكە ناكرێت حزبێك لە شوێنێك، كە شوێنی ئەو نەبێت، ئەو كارە ناڕەوایانەی تێدا بكات".

(غازی حەسەن) زیاتر دەڵێ: "هەر لایەنێك لە شنگال دەستی یارمەتی درێژ بكات، جێگەی رێزە، بەڵام لایەنێك بیەوێت دەسەڵاتی خۆی فەرز بكات و هەندێك كاری ناڕەوا بكات لە دەرەوەی چوارچێوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێگەی قبووڵ نییە. ئەوەی پەكەكە ئەمڕۆ دەكات خزمەت بە یەكڕیزیی گەلی كورد و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان ناكات، بەڵكە ئەوەی ئەمڕۆ دەیكات دەبێتە هۆی ناكۆكی و دووبەرەكی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و هاتنی دەستی دەرەكی بۆ ناو هەرێمی كوردستان، كە ئەوەیش لە بەرژەوەندیی نەتەوەی كورددا نییە، بۆیە پێویستە پەكەكە لەجیاتی ئەو كارانە بكات، با دەستی یارمەتی درێژ بكات و كار بۆ نزیكبوونەوەی خۆی لە لایەنەكانی دیكە بكات".

ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان(موسڵیح رەجەب ئاكرەیی) گوتی: "ئێمە وەك حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئەوەدا نین هیچ لایەنێكی سیاسی دەست بخاتە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە، دروستكردنی كانتۆن و كردنەوەی قوتابخانە لە شنگال شتێكی نایاساییە و، جیاكردنەوەی شنگالە لە هەرێمی كوردستان. ئەگەر پەكەكە بیەوێت خزمەتی گەلی كورد بكات، با لە باكووری كوردستان كاری سیاسیی خۆی بكات و دەستی برایەتی بۆ لایەنە سیاسییەكانی دیكە درێژ بكات، نەك دژایەتیكردنی گەلی كورد بۆ مەرامی سیاسیی خۆی بكات. ئەوەی ئەوان ئێستا لە شنگال دەیكەن، لە بەرژەوەندیی دوژمنەكانی گەلی كورددایە و ئەوان پێی خۆشحاڵ دەبن، با (جەمیل بایك) و سەركردەكانی ئەو حزبە خۆیان فێری كوردی بكەن، پاشان باسی سەروەرییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو دەستتێوەردانە ڕەت دەكەینەوە و دژی ئەوەین، ئەوەی ئەمڕۆ پەكەكە لە شنگال دەیكات، تەنیا بۆ مەرامی سیاسیی خۆیەتی".

لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە

هەواڵی پەیوەندیدار