لەبەر دوو هۆكار پارەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمجارە بەغدا لەبەر دوو هۆكار پارەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، یەكەم ئەوەیە كە هەرێم نەوتی زیاتری رادەستی بەغدا كردووە و، دووەمیش نرخی نەوت بەرز بووەتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەحمەدی حاجی رەشید) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كورستانی راگەیاند: "ئەم مانگە بەغدا ٧٠٠بۆ٧٥٠ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان ئەم مانگە ٤٤٨هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا رادەستی بەغدا كردووە، كە زیاتر لە رێژەی مانگەكانی رابردوویە، بۆیە بەغدا پارەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات و، جگە لەوەیش نرخی نەوت بەرز بووەتەوە".
بریاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، پرۆسەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەست پێ دەكات و بە سێ قۆناخ رەوانە دەكرێت، چونكە سەرەتا لە وەزارەتی نەوت دیاری دەكرێت چەند نەوتیان رادەست كراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت و لەوێ بڕیار لەبارەی رێژەی ناردنی پارە دەدرێت و دواتر فەرمان بە وەزارەتی دارایی دەكرێت پارەكە رەوانە بكرێت كە ئەمەیش ١٠رۆژێكی پێویستە.
بڵند ئیبراهیم




