كاروانی چوارەمی هێزەكانی پێشمەرگە گەڕانەوە

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، ئەمڕۆ دواكاروانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانییەوە بەرەو هەرێمی كوردستان گەڕانەوە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (تەڵعەت ساڵح زراری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە كە كاروانی چوارەمی هێزەكانی پێشمەرگەین، ماوەی 64 رۆژ لە شاری كۆبانی بووین، بۆیە دوای تەواوبوونی ئەركەكەمان لەو شارەی رۆژئاوای كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە فڕۆكەخانەی شاری ئورفەوە بۆ هەولێر گەڕاینەوە".
(زراری) ڕاشیگەیاند، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی گەرانەوە، 111 پێشمەرگەن و دواتریش 12ـی دیكە بۆ گوازتنەوەی كەلوپەل و ئامێرەكان دێنەوە.
رۆژی 27-2-2015 كاروانی چوارەمی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ شوێنگرتنەوەی كاروانی سێیەم لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەوە توركیا بەڕێ كەوتن، دوای 64 رۆژ مانەوە لەو شارە، ئەمڕۆ ئەركەكەیان بە كۆتا هات و بەرەو باشووری كوردستان گەڕانەوە.
نەشوان بەرزنجی




