وەزیری جەنگ و شەش سەركردەی داعش كوژراون

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت، تیرۆریستانی داعش بڕیاریان داوە هەر كەسێك ریشی بتاشیت، دەستگیری دەكەن و بە جەڵدەلێدان سزای دەدەن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، شەوی رابرد بە هۆی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە، وەزیری جەنگ و شەش سەركردەی داعش كوژراون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بڕیارێكی نوێیان دەركردووە و لە رێگەی بڵاوكراوە بەسەر خەڵكیاندا دابەش كردووە كە تاشینی ریش قەدەخەیە و پێویستە هەموو كەسێك ریشی درێژ بكات وسمێڵیشی كورت بكاتەوە و هەر كەسێك بەو بڕیارەوە پابەند نەبێت، بە توندی سزای دەدەن و داوایش لە دیوانی لێپێچینەوە كراوە كە چاودێری ئەو بڕیارە بكەن و هەر كەسێك سەرپێچی بكات، دەستگیری بكەن".
(رەجەب) ڕوونیشی كردەوە، شەوی رابرد فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی مووسڵیان بۆردوومان كردووە و لە ئاكامدا وەزیری جەنگی داعش بە ناوی (شیت حەسەن سامەڕایی) و شەش سەركردەی دیكەی داعش كە لەناو بارەگاكەدا بوون، كوژراون.
بڵندئیبراهیم




