حكوومەت لە هەوڵی بەردەوامی باشتركردنی ڕەوشی بەندكراواندایە

(هەولێر-) -KDP.infoد.دیندار زێباری) دەڵێ، بۆ باشتركردنی ڕەوشی زیندانییەکان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵ و كۆششی بەردەوامدایە بۆ نەهێشتنی كەموكووڕی و، دانیکردنی پێداویستییەكانیان؛ پابەندیشە بەیاسا و ڕێسا و پرەنسیپەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ تایبەت بە باشتر كردنی ڕەوشی زیندانیان.
(د. دیندار زێباری) سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، پێش ماوەیەك لە چاكسازییەكانی گەوران لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی كێشەی قەرەباڵغی هەبوو ئەمەش بە هۆی بچووكی شوێنەكەیان، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ چارەكردنی ئەم كێشەیە و، بینایەی تایبەتی بە دیزاینی نوێ و ستانداردەوە دروست کردووە كە زۆربەی خزمەتگوزارییەكانی تێدا دابین كراوە و، كێشەکەی بڕییەوە.
دیارە بەغدا بوودجەی هەرێمی بڕی و، هەرێمی كوردستانی تووشی قەیران کرد، بەڵام بەو حاڵەیشەوە حكوومەتی هەرێم نەیهێشتووە بەندكراوەکان لە بواری تەندروستی و خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتییەوە سەختیان لێ بچێت.
سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی خستە ڕوو كە جگە لە پێداویستییەكانی ڕاگیراوان و بەندكراوان لە ڕووی یاساییشەوە مافیان پارێزراوە؛ بەو مەبەستەیش لێژنەكانی مافی مرۆڤ ماوەماوە سەردانی بەندكراوەکان دەكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەکەیان بن و، ڕاپۆرتی خۆیان بەرز دەكەنەوە. لە ڕووی خۆراكیشەوە لایەنە پەیوەندارەكان گرنگییەكی زۆر بەو بوارە دەدەن. (زێباری) لەم بارەیەوە گوتی: گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی و دابینكردنی خۆراكی پێویست و هەمەجۆر بۆ بەندكراوان لە ئەركە سەرەكی و گرنگەكانی حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندارەكانە، بەو مەبەستە هەوڵ دەدەن بەپێی ڕێوشوێن و ڕێنماییە پزیشكییە پەیڕەوكراوەكان خۆراكی ڕۆژانە پێشكەش بە بەندكراوەكان بكەن.
جگە لەوە گرنگییەكی زۆریش بە لایەنی تەندروستی بەندكراوان دەدرێت و، لە بەندیخانەكاندا پزیشكی تایبەت هەیە كە بەردەوام چاودێریی بەندكراوان دەكەن و، لە حاڵەتی پێویست و هەستیاردا بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە گشتییەكان بۆ ئەوەی چارەسەری تەواو و پێویست وەربگرن و، ژیانیان ڕزگار بكرێ.




