سەرۆکی ھەرێم لە ماددەی 5ـى دەستەی دەستپاکی ناڕازییە.. پەرلەمان دەیخاتە بەر باس

ھەولێر-KDP.info- ئهندامێكى پهرلهمانى كوردستان رایگهیاند، سبەی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێک دەکات، لەوانە ناڕازیبوونی سەرۆکی ھەرێمى كوردستان لەسەر ماددەی 5ـى یاسای ھەموارکراوی دەستەی دەستپاکی.
(نازم ھەرکی) ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان به ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند کە، بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان سهعات ١٠ی بەیانی کۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێک بکات، لەوانە، پێشچاوخستن و گفتوگۆکردنی ناڕازیبوونی سەرۆکی ھەرێمى كوردستان لەسەر ماددەی (٥)ـی یاسای ژمارە (٧)ـی ساڵی ٢٠١٤ یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاکی لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠١١.
ھەر لە کۆبوونەوەی سبەیدا، گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێکھێنانی لیژنەی کاتی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە (٢٢)ـی ساڵی ٢٠١٤.
وەک (هەرکی) گوتی، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانە بەپێی ماددەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـی ساڵی ـ١٩٩٢ی ھەموارکراو دهكرێت، پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پڕۆژەیاسای دوورکەوتنەوە لە سوکایەتیکردن بە ئایینەکان، پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی کارکردن بە یاسای بە کرێدانی خانووبەرە، ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٨.
بڵند ئیبراھیم




