لە مانگی شەشدا هەرێم رۆژانە 625 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لە مانگی چوارەوە ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم زۆر بەرز بووەتەوە و لە یەكی پێنجدا دەگاتە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، هەروەها لە سەرەتای مانگی شەشیشدا رۆژانە بڕی 625 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت.
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. تاریق گەردی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی كێشەی تەكنیكییەوە لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا كورتهێنانێك لە هەناردەی نەوتی هەرێمدا هەبوو، بەڵام لە یەكی ئەم مانگەوە ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم زۆر بەرز بووەتەوە و لە یەكی پێنجدا دەگاتە 550 هەار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، هەروەها لە سەرەتای مانگی شەشیشدا هەرێم رۆژانە بڕی 625هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بۆیە تەواوی كورتهێنانەكانی پێشتر پڕ دەكرێنەوە و بەم پێیەیش هەرێم سەدی سەد پابەندی رێككەوتنە نەوتییەكەیە".
(گەردی) گوتیشی: "بەپێی یاسا، لە بوودجەی 2015-دا دەبێ بەغدا بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی رەوانە بكات و پشكی 17 لەسەدی هەرێم بەتەواوی بدات، جگە لەوەیش پێویستە مووچەی هێزی پێشمەرگەیش بدات كە بە گوێرەی یاسا دەبێ وەزارەتی بەرگریی عێراق دابینی بكات".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "چەند كەسێك لە پەرلەمانی عێراق هەن كە دژی هەموو دەسكەوتەكانی هەرێمن و تەنانەت دژایەتیی رێككەوتنە نەوتییەكەی نێوان هەولێر و بەغدایش دەكەن، ئەوان بەردوام هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن، بەڵام ئەم كەسانە لەناو ئاوی لێڵدا مەلە دەكەن و ئەگەر خۆیان چاك نەكەن، بێگومان دەخنكێن".
سەرباز واحد




