لە کۆمەڵگایەکی سەربە زوممار، خیانەت كرا.. پێشمەرگە هۆشداری داوە

زوممار-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار دەڵێت، لە کۆمەڵگایەکی عەرەبنشینی سەر بەناحیەی زوممار، سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگایەی کردووە، لەئێستادا ئاڵای داعشیان ھەڵکردووە و خیانەتیان کردووە؛ هەر بۆیە ھێزی پێشمەرگە داوای رادەستکردنی بکەرەکان دەکات.
فەرماندەى ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار رائید(ئەحمەد سورچی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆمەڵگای سمود کە دەکەوێتە پشت عەینزالە، کە سەر بەناحیەی زوممارە و عەرەبنشینن، ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکارییەکی کردوون، تەنانەت نەخۆشەکانیشیان لە دھۆک چارەسەر دەکرێن و دوو جاریش لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) کۆ بوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا خیانەتیان کردووە و ئاڵای داعشیان لەناو کۆمەڵگاکە بەرز کردووەتەوە.
(سورچی) گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە 72 سهعات مۆڵەتی بە خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە داوە کە، بکەرەکان رادەست بکەن، ئەگەر نا پێویستە ئەو شوێنە چۆڵ بکەن و، بچنە ناو داعشەوە و لەوێ نهمێنن، چونکە سەرەڕای ئەو ھەموو ھاوکارییە خیانەتیان کردووە، پشتگیریی داعش دهكهن و ئاڵای ئەوانیان ھەڵداوە.
بڵند ئیبراھیم




