٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژنامه‌نووسانیش له‌سه‌ر حاكم هاوژین هاتنه‌ ده‌نگ؛ مافی‌ خۆمانە بپرسین كامە شكۆی‌ دادگایە؟

سەرچاوە: KDP.info

کەلار -KDP.info- پاش ئەوەی دوێنێ‌ لە شاری كەلار كەسوكاری ئەنفالكراوان و چالاكوانان دژی سزادانی حاكم هاوژین خۆپیشاندانیان کرد، ئەمرۆ بە بیانووی "شكاندنی شكۆی دادگا" دادوەرەكانی گەرمیان پاش كۆبوونەوەیان بڕیاری مانگرتنیان ڕاگەیاند. ڕۆژنامەنووسانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یش بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و ده‌ڵێن، ''پێشتر دادگاكان نەیانتوانیوە دۆسیەكانی گەندەڵی و تیرۆر و چەندین دۆسیەی تر یەكلا بكەنەوە تاوەكو شكۆیان هەبێت."

دەقی‌ بەیاننامەكەی ڕۆژنامەنووسانی‌ گەرمیان لەسەر داخستنی‌ دادگاكانی‌ گەرمیان:

ئەمڕۆ دادگاكانی‌ گەرمیان دەرگای‌ دادگاكانیان بە ڕووی‌ هاووڵاتیاندا داخست و، سەرجەم دادوەرەكان مانیان گرت، بە بیانووی‌ ئەوەی‌ كەسوكاری‌ ئەنفالكراوەكان و چالاكوانان لە خۆپیشاندانەكەی‌ ڕۆژی‌ 26ـی‌ مانگدا كە دژی‌ گواستنەوە و سزادانی‌ دادوەر هاوژین حامید کردیان، "شكۆی‌ دادگایان شكاندووە".
ئەم هەڵوێستە و بە دیاریكراوی پاساوی‌ دەستەواژەی‌ "شكانی‌ شكۆی دادگا" بۆ داخستنی‌ دادگاكان ئێمەی‌ تووشی‌ سەرسوڕمان كرد، چونكە نازانین باس لە كام شكۆ دەكرێت؟ دادگایەك ماوەی‌ زیاتر لە چوار ساڵە نەیتوانیبێت ئەو جاش و مستەشارانە دەستگیر بكات كە لەلایەن دادگای‌ باڵای‌ سەلماندنی تاوانەكانەوە، داوا كراون؟!

كام شكۆ! دادوەرێك لە گەرمیان لەبەر جێبەجێكردنی‌ یاسا بگوازرێتەوە و دواتر لە ترسی سەلامەتیی‌ ژیانی‌، خۆی و خێزانەكەیشی‌ كوردستان بەجێ بێڵن، بەبێ ئەوەی‌ نە دادگاكەی‌ و نە ئەنجومەنەكەشی‌ هیچ پشتگیرییەكی‌ لێ بكەن.

ئاخر! كاتێك چەندین دۆسیەی‌ تاوان‌ی گەورە لە گەرمیاندا هەبێ و تۆمەتبارانی‌ ئەو دۆسیانە بە واسیتەی‌ حزب و، بەرپرسان لە سزای‌ یاسایی‌ قوتار كراون و تاوانبارەكان لە پێش چاوی‌ خەڵكی‌ بسووڕێنەوە، ئێمە مافی‌ خۆمانە بپرسین كامە شكۆی‌ دادگایە؟

ئێمەی‌ ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی‌ كەلار و گەرمیان، چەندین ساڵە تێبینیمان لەسەر دادگا و دادوەرەكانی‌ گەرمیان هەیە، چونكە نەیانتوانیوە ئەو شكۆیەی‌ كە باسی دەكەن بە دەست بێنن، هەر لە یەكلانەكردنەوەی‌ دۆسیەكانی‌ گەندەڵی و دەستگیرنەكردنی‌ تۆمەتبارانی‌ 25ـی‌ شوباتی‌ گەرمیان و بەدواداچون بۆ كەیسی ڕۆژنامەنووسی‌ شەهید كاوە گەرمیانی‌ و چەندین دۆسیەی‌ تر.

لە كۆتاییدا دەڵێین، گرێدانی‌ شكۆی‌ دادگا بە خۆپیشاندانی‌ كەسانێك كە زۆرترین قوربانییان لە پێناو ئەم نیشتمانەدا داوە، پاساوێكه‌ ناچێتە ئەقڵەوە و، كاردانەوەیەكی‌ زۆر بێمانایە، چونكە مەبەست لە خۆپیشاندانەكە گەڕانەوەی‌ شكۆی دادگایە و، بەدەنگەوەهاتنێک بوو بەرانبەر شكاندنی‌ شكۆی‌ دادگا.

كاروان جاف

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار