٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش سەعاتی لە مزگەوتەکان قەدەغە کرد.. نابێ بۆ کاتی بانگ پشتی پێ ببەستن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، دوو سەرکردەی دیاری تیرۆریستانی داعش کە یەکێکیان بەرپرسی خۆکوژەکان و ئەوەی دیکەیش بەرپرسی کاروباری ھۆزەکان بووە، کوژراون. لە لایەکی دیکەوە داعش فەرمانی داوە نابێت بە ھیچ شێوەیەک لە مزگەوتەکان سەعات ھەڵبواسرێت.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردووە، لە ئاکامدا سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (حەسەن عەلی جبووری) ناسراو بە(حەسەن سەگلاوی) کوژراوە. دیارە ئەو (سەگلاوییە) کە بەرپرسی ئەو خۆکوژانە بووە کە هەوڵی ناردنیان داراوە بۆ ناو بارەگا ئەمنییەکان، تا خۆیان بتەقێنەوە."

(عیسمەت رەجەب) گوتی، تیرۆریستانی داعش هەروەها فەرمانیان داوە کە، پێویستە ھەموو سەعاتە ھەڵواسراوەکانی مزگەوتەکان لێ بکرێنەوە و، ئاخر بەپێی فەرمانەکەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە وایە کە، ناکرێت بۆ کاتی بانگدان پشت بە سەعات ببەسترێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (رەجەب)، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، بە نارنجۆکی دەستی و لە نزیک گرتووخانەی بادووش کە دەکەوێتە رۆژئاوای مووسڵەوە، ھێرشیان کردووەتە سەر سەرکردەیەکی داعش بە ناوی( ئەحمەد عەلی غەزبان) کە بەرپرسی کاروباری ھۆزەکان بووە، لە ئاکامدا کوژراوە.

تیرۆریستانی داعش ماموستای ئایین (شێخ موحسین ئەحمەد عەلاف)ـیشیان دەستگیر کردووە، بەو بیانووەی نەیویستووە کاتەکانی نوێژ کەم بکاتەوە، دیارە پێشتر داعش داوای لێی کردووە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار