کۆمپانیایەکی مەکسیکی: هەرێم بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە باش پێش کەوتووە

هەولێر-KDP.info-شاندێکی کۆمپانیای ئایستۆری مەکسیک، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە دیدارێکیاندا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆ بوونەوە و ڕایانگەیاند کە، هەرێم بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧/٤/٢٠١٥ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لەشاندێکی کۆمپانیای I STORE ئایستۆری مەکسیک تایبەت بە نەوتوگاز کرد کە پێک هاتبوون لە (بەهرام ئێرانی) خاوەنی کۆمپانیا و (عێزەت ئازا سوند) بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی کۆمپانیاکە پێک هاتبوون.
لە دیدارێکدا شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەو گەشەپێدان و بنیادنانەیان بە خاڵێکی وەرچەرخان لەقەڵەم دا بە تایبەت کە یەکەم جارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و، لەم چەند ڕۆژەدا هەستیان کردوە ئەو هەرێمە هەوڵی داوە سود لە توانای تاکەکەکان و سەرچاوە سروشتیەکانی وەربگرێ و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوکاریەکی ڕاوێژی لەگەڵ لیژنەی پیشەسازی و وزەو نەوت و کانزاکانی پەرلەمان نیشاندا بەتایبەت لەو شیکردنەوانەی کە ئەندامان لەبواری داتاکان پێویستیان پێی هەیە.
لەلایەن خۆشیەوە دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو هەستەی بەرامبەر ئەزمونی هەرێمی کوردستان دەریان بڕی و دووپاتی کردەوە ئێمە بەردەوام پێویستیمان بە ڕاوێژ و پرس هەیە لەگەڵ کۆمپانیا و کەسانی پسپۆر و شارەزا بۆئەوەی سوود لەتوانا و شارەزاییەکانیان وەربگرین و کار بکەین تاوەکو بەباشترین شێوە پەرلەمانتارەکانمان زانیاری وەربگرن لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ پرسەکان بە شێوەی ڕاستاڵ (تەندروست) بەتایبەتی پیشەسازی و وزە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەگەشەپێدان و ژیان و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانەوە.




