٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بۆ چالاکردنی پێوەندیی پەرلەمان و حکوومەت کۆ بووینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆکوەیزرانی کوردستان ڕایگەیاند کە، بۆ زیاتر تەفعیلكردنی چۆنیەتیی پەیوەندیی حكوومەت و پەرلەمان،  كۆ بووینەوە و، ئەم كۆبوونەوەیەش لە چوارچێوەی زنجیرە كۆبوونەوەیەكە كە پێویستە بە شێوەیەكی دەوری بەردەوام بێت بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان باسیان لێوە دەكرێت، هەروەها بۆ چارەكردنی هەر ئەگەر و گرفتێك كە دێتە پێشەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27/4/2015 کۆبوونەوەی ئاسایی هەردوو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی (د. یووسف محەمەد سادق) سەرۆکی پەرلەمان و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان ساز کرا كە (د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمنکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیران و (فەخرەدین قادر) سکرتێری پەرلەمان و (مەولوود باوەمراد) وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئامادە بوون.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، (د. یووسف محەمەد سادق) سەرۆکی پەرلەمان، بەخێرهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کرد و هیوای خواست دانیشتنەکە هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەو پرسە گرنگانەی پەیوەندییان بەژیان و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."

لە بەشێکی دیكەی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان باسی لە گرنگی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لە کاروباری پرۆژە یاسا و بڕیارەکاندا. هەردوولاش تەبا بوون لەسەر ئەوەی ئەم دانیشتنانە بەردەوامییان هەبێت.
لە بەرانبەردا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وەزیرەکان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەو پەیوەندییانەی بە هەنگاوێکی دروست زانی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدواداچوونی گرفتی هاووڵاتیان.

لە دواتەوەری دانیشتنەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی شەڕی دژی تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی شەڕدا کرا و پێشمەرگە وەک سیمبولی ئازادیی و سەرفرازیی گەلی کورد ناسێنرا.

دوای كۆبوونەوەكەش، (د. یووسف محەمەد) سەرۆكی پەرلەمان و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێم، لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە لێدوانیان دایە دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە قسەكانیدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی گەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە شاندەكەیان، هەروەها گوتی :
ئەمڕۆ ئێمە بۆ زیاتر تەفعیلكردنی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان حكوومەت و پەرلەمان،  كۆبووینەوە و ئەم كۆبوونەوەیەش لەچوارچێوەی زنجیرە كۆبوونەوەیەكە كە پێویستە بەشێوەیەكی دەوری بەردەوام بێت بۆ هەبوونی هەماهەنگی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان باسیان لێوە دەكرێت، هەروەها بۆ چارەكردنی هەر ئەگەر و گرفتێك كەبێنە پێش. بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان كۆبوونەوەیەكی باش بوو وهیوادارین بەردەوام بێت.
(د. یووسف محەمەد) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە كرد كە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژە یاساكان و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا و بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە بڕیار دراوە ئەم كۆبوونەوە دەوریانە بەردەوام ئەنجام بدرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار