٢٤ كەسی دیكە لە كوردانی ئێزدی ڕزگاریان بوو.. تا ئێستا ١٦٢٨ كەس ڕزگار كراون

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ڕزگاركراوانی دەستی داعش لە دهۆك رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ كەسی دیكەی كوردانی ئێزدی لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بووە و گەییشتوونەتە نێو هێزەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال.
بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ڕزگاركراوانی دەستی داعش لە دهۆك (حوسێن قایدی)، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەوڵەكانیان بۆ ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی بەردەوامن و ئەمڕۆ دووشەممەیش ٢٤ كەسی دیكە ڕزگاریان بووە و گەییشتوونەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و بۆ پشكنینی باری تەندروستییان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دهۆك دەكرێن.
بە گوتەی (قایدی)، لەوەتەی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ دەڤەری شنگال بەرپا كرا و دواتریش كە زۆربەی ناوچەكەیان لێ پاك كراوەتەوە، ١٦٢٨ كەس لە ژن و منداڵ ڕزگار كراون كە ٣١١ـیان پیاو و ٧٦٥ ئافرەت و ئەوانی دیكە منداڵن كە ژمارەیان ٥٥٢ـە.
بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ڕاكردووانی دەستی داعش لە دهۆك زانیارییشی دا كە، ٣٢٨٠ كەسیش هێشتا لە چنگ داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە،١٠ گۆڕی بەكۆمەڵیش دۆزراونەتەوە و ٩ـیش لە بندەستی داعشدا ماون و، ١٢٨٠ شەهیدیش هەن.
ئەوانەیشی كە لە برس و تینوێتییان مردوون، ٢٨٠ كەسن. هاوكات تیرۆریستان ١٨ مەزاریان لە شنگال و بەعشیقە و بەهزان تەقاندوونەتەوە.




