دامەزراندن دەست پێ دەكات.. 7800 پلەی وەزیفی بەر هەرێم دەكەون

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاش كۆتاییی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵیی عێراق وەڵامی سكاڵاكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەداتەوە سەبارەت بە بوودجەی گشتیی 2015 و پاش وەڵامەكەی دادگای فیدراڵییش، دامەزراندن دەست پێ دەكات.
ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژی 4/5ـی مانگی داهاتوو دادگای فیدڕاڵیی عێراق دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات و تێدا وەڵامی سكاڵاكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە تایبەت بە بوودجەی گشتیی 2015 كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لەنێو بوودجەی ئەمساڵی عێراقدا ( 55) هەزار پلەی وەزیفی دیاری كراون كە لەلایەن حكوومەتەوە بەسەر گشت وەزارەتەكان دابەش كرابوو بە خشتەیەك كە تێدا (4900) پلەی دامەزراندن بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان (2900) پلەی دیكەی دامەزراندنی بۆ هەرێمی كوردستان زیاد كرد وەكو پشكی 17%، بەمەش بەشی هەرێمی كوردستان بوو بە (7800) پلەی دامەزراندن".
(نەجیبە) زیاتر گوتی: "ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاری دا، ئەوا دامەزراندن دەست پێ دەكات، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ خشتەی حكوومەت كە زۆرترین دامەزراندن بۆ بەرگری و ناوخۆ دەبێت".
لەبارەی پلەی دامەزراندنی هەرێمی كوردستانیشەوە، (نەجیبە نەجیب) ئاماژەی دا: "دوای ئەوەی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستانی 17% نارد، ئەوا حكوومەتی هەرێم دەتوانێت لەو رێژەیە زیاتر لە 7800 كەس دابمەزرێنێت".
نەشوان بەرزنجی




