هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت دووپات کرایەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە باڵاخانەی پەرلەمان کۆبوونەوەی دەوریی هەردوو دەستەڵاتەکەیان ساز دا.
لە دانیشتنەکەدا ( جەعفەر ئیبراهیم ئێمنکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیران و (فەخرەدین قادر) سکرتێری پەرلەمان و (مەولود باوەموراد) وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئامادە بوون.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، بەخێرهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کرد و هیوای خواست دانیشتنەکە هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەو پرسە گرینگانەی پەیوەندییان بە ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لە بەشێکی دیكەی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان باسی لە گرینگیی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لە کاروباری پرۆژەیاسا و بڕیارەکاندا. هەردوولایش تەبا بوون لەسەر ئەوەی، ئەم دانیشتنانە بەردەوامییان هەبێت.
دواتریش ( نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وەزیرەکان و لیژنە تایبەتمەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و، ئەو پەیوەندییانەی بە هەنگاوێکی درووست زانی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدواداچوونی گرفتی هاووڵاتیان.
لە دواتەوەری دانیشتنەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی شەڕدا کرا و، پێشمەرگە وەک سیمبولی ئازادی و سەرفرازیی گەلی کورد ناسێنرا.




