٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرەتای مانگی پێنج ناسنامەی تاوانبارەكانی كەوتنی مووسڵ ئاشكرا دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ دەڵێت، لیژنەكەیان كۆمەڵێك بڕیاری زۆر گرینگ لە دوو رۆژی داهاتوودا دەدات. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، "لە سەرەتای مانگی پێنجیشدا راپۆرتەكەی لیژنەی لیكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ تەواو دەبێت و لە گەورەترین تاوانبارەوە تا بچووكترینیان ئاشكرا دەكەین".

جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە كۆمەڵێك بڕیاری زۆر گرینگ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەدات، لە دوای ئەم بڕیارانەیش لە سەرەتای مانگی پێنجیشدا راپۆرتی كۆتایی خۆمان پێشكەش دەكەین، بەڵام ئەم راپۆرتە وەكو راپۆرتەكانی پێشووتر نییە كە بێهێز بێت، بەڵكە هەرچی تاوانبارە لە گەورەترین دەسەڵاتەوە تا بچووكترین، دەیخەینە ڕوو".
جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەی سبەینێدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین كە كێی دیكە بۆ لێكۆڵینەوە بانگ بكرێت، داوایەكیشم پێشكەش كردووە كە دەبێت سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی) لێكۆلێنەوەی لەگەڵدا بكرێت، ئەم داوایەیشم دەخرێتە دەنگدانەوە و دڵنیام دەنگی پێویست بۆ لێكۆڵێنەوە لەگەڵ (مالیكی) بە دەست دەهێنین".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار