زیاتر لە 15 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە زوممار

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار ڕایگەیاند، گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ دەڤەرەكە بەردەوامە و زیاتر لە 15 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، ناوچەكە لە ڕووی ئەمنییەوە لە سایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا زۆر ئارامە.
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار (موزاحم سلێمان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی یموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پاش ئەوەی ناوچەی زوممار لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە، ئەو خەڵكەی ئاوارە ببوون لە سایەی پێشمەرگەوە دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و، تا ئێستایش زیاتر لە 90%ـی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە 15 هەزار خێزان دەبێت و هیچ مەترسییەكیش لەسەر ناوچەكە بوونی نەماوە".
پێوەست بە خزمەتگوزارییەكانیش بۆیان، (سلێمان) گوتی: "لە ناوچەی زوممار كارەبا هەیە و پڕۆژەی ئاو دەست بە كاركردن كراوە تێیدا و بنكەكانی تەندروستی بە تەواوی كەوتوونەتەوە كار، هەروەها تەواوی دامودەستگاكانی دیكەیش لەكاردان".
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار ئاماژەیشی دا: "تەنیا حكوومەتی هەرێم هاوكاریمان دەكات، تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ شتێكی ئەوتۆی بۆمان نەكردووە، ئەوەندەی كە كراویشە هەر حكوومەتی هەرێم كردوویەتی لە دابینكردنی كارەبا و ئاو و پێواویستییەكانی دیكە."
سەرباز واحد




