٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ شامۆ: هیچ هەوڵێك بۆ شێواندنی ناسنامەی ئێزدییەكان قبووڵ ناكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری ئێزدییە‌كان لە پەرلەمانی كوردستان، هەموو هەوڵەكان بۆ جیاكردنەوەی ئێزدییەكان لە كوردستان ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت: "كەس ناتوانێت ناسنامەی ئێزدییەكان بشێوێنێت و هیچ هەوڵێكیش لەوبارەیەوە قبووڵ ناكەین".

نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمان كوردستان (شێخ شامۆ) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "مەرامێكی سیاسی بۆ شێواندنی ناسنامەی ئێزدییەكان هەیە، ئەم مەرامە هەرجارە و بە ناوێك خۆی دەردەخات، جارێك كیان و جارێك كانتۆن، بەداخەوە هەموو ئەمانە پیلانن بۆ جیاكردنەوەی ئێزدییەكان لە كوردستان، ئەو لایەنانەیشی پشتیوانیی ئەو جۆرە هەڵمەتە دەكەن، لەجیاتی ئەوەی برینی ئێمە ساڕێژ بكەن، یاری بە خوێنی ئێزدییەكانەوە دەكەن".

(شێخ شامۆ) دەشڵێت: "ئەم بابەتە ئاشكرا بووە كە مەرامی سیاسیی لە پشتە و، ئەو كەسانەی خۆیان بە نوێنەرانی ئێزدییەكان نیشان دەدەن و دەیانەوێت ئێزدییەكان جیا بكەنەوە، ئەوانە نوێنەرایەتیی خۆیان دەكەن نەك ئێمەی ئێزدی".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیشی دا: "ئێزدییەكان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و شۆڕشەكاندا قوربانییان داوە و لە دەسكەوتەكانی كوردستاندا هاوبەشن و میوانیش نین، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ شێواندنی ناسنامەی ئێزدییەكان، قبووڵ ناكەین".

(شێخ شامۆ) کە کەسایەتیی دیاری ئێزدییەكانە ڕوونی دەكاتەوە: "ئێزدییەكان دەتوانن خۆیان ناسنامەی خۆیان دیاری بكەن و یاریی دەستی كۆمەڵێك كەس نین تا‌ هەر ڕۆژە و ناسنامەیان بۆ دابنرێت، ئێمەیش لەگەڵ دروستكردنی كیانی ئایینی نین، چونكە كەس خێری لێ نەبینیوە تا ئێمە خێری لێ ببینین".

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار