جەمال مۆرتكە: داعش لە بەردەم پێشمەرگەدا ئەژنۆیان شكاوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری مەخموور-گوێڕ دەڵێت، هێرشەكانی داعش كەم بوونەتەوە و وەك پێشتر لە مۆڵگەكانیان نامێنن، ئەمەیش وای كردووە پەرتەوازە ببن و، لە بەردەم پێشمەرگەیشدا ئەژنۆیان شكاوە.
بەرپرسی میحوەری مەخموور-گوێڕ (جەمال مۆرتكە) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی هێرشی پێشمەرگە و فڕۆكەی هاوپەیمانانەوە، ئەو تۆڕە بەهێزەی پێشتر داعش هەیبوو نەماوە، چونكە پێشتر لە بارەگایەكی داعش ئەگەر 60 كەسی لێ بووبێت، ئێستا ژمارەیان ئەوەندە كەم بووەتەوە کە دەیانەوێت بە شێوەی پارتیزانی 10 كەسێكیان هێرش بكەن و بگەڕێنەوە، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ڕێكخستنی ئەمنیی داعش تێك شكاوە، بۆیە ناتوانن هیچ كاتێك هێرش بۆ هیچ میحوەرێك بێنن".
(مۆرتكە) گوتیشی: "داعش لە میحورەی مەخموور-گوێڕ كوژراوی زۆریان هەیە و لە کۆی بەرەكانی جەنگی پێشمەرگەیشدا زیانی زۆریان بەر كەوتووە، بێگومان ژمارەی كوژراوانی داعشیش كار دەكاتە سەر كەمبوونەوەی ڕێژەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستە لە هەموو جیهاندا، چونكە لە هەموو جیهانەوە خەڵك پەیوەندیی پێوە كردوون، بەڵام لە بەردەم پێشمەرگەدا ئەژنۆیان شكاوە و لە تێكشكاندنیشیان بەردەوامین".
كارزان سەباح هەورامی




