لاشەی 33 داعش گەڕێندرانەوە مووسڵ

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ژمارەیەك لاشەی تیرۆریستانی داعش بۆ پزیشكی دادیی مووسڵ گەڕێندراونەتەوە و، بە دەستی چەكدارانی نەناسراویش 2 تیرۆریستی دیكە كوژران.
بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان(عیسمەت ڕەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە مووسڵ لاشەی 33 تیرۆریستی داعش گەڕێندرانەوە بۆ پزیشكی دادی كە لەنێویاندا ئەمیرێك بە ناوی (سامی)ـیەوە هەیە كە بەرپرسی ئەمنی و جموجۆڵی سەربازیی تیرۆریستانی داعش بووە".
(رەجەب) گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش دوو كەسی سڤیل و پۆلیسێكیان لە باب ئەلتۆپ لە ناوەڕاستی مووسڵدا لە دار داوە.
بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، لەلایەن چەكدارانی كەتائیبی مووسڵەوە دوو تیرۆریستی داعش لە ناوچەی ریحانییە كوژران و دەستیان بەسەر چەكەكانیاندا گرت، ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەیشیان تێك شكاند كە لەو ناوچەیەدا بەكاریان دەهێنا.
نەشوان بەرزنجی




