شوان شێخ ئەحمەد: دەبێ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لە لیژنە دەستوورییەكەدا نوێنەریان هەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمدا بۆ ڕاپرسی نوێنەریان هەبێت. جەختیش دەكاتەوە كە، ئازادی بە حیزب و پێكهاتەكان دراوە خۆیان نوێنەر دیاری بكەن.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان(شوان شێخ ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دروستكردنی لیژنەیەكی (21) كەسی بۆ ئامادەكردنەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی، لە دوای ئەو سازانە هات كە لەسەر ئەو پرسە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دروست بوو، بەڵام تا ئێستا ئەوە یەكلا نەكراوەتەوە كە ئایا ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چەند نوێنەریان لەو لیژنەیدا دەبێت".
(شوان) گوتیشی: "هەرچەندە بۆ دانانی ئەندامانی لیژنەكە ئازادیی تەواو بە لایەنە سیاسییەكان دراوە كە خۆیان نوێنەری خۆیان دابنێن، بەڵام پێداگیری دەكەین كە دەبێت ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە، نوێنەریان لە لیژنەكەدا هەبێت".
ئاماژەیشی دا: "تا ئێستا وا دانراوە كە ئەو ناوچانە نوێنەریان هەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو ئازادییەیش بە لایەنە سیاسییەكان دراوە، كە خۆیان نوێنەرەكانیان دابنێن، بۆیە حیزب و لایەن و پێكهاتەكان ئازادن لەوەی، نوێنەری ئەو ناوچانە دابنێن یان نا".
ئەو ئەندامەی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، ڕوونیشی كردەوە كە، تا ئێستا چۆنیەتیی دابەشكردنی ئەندامانی لیژنە (21) كەسییەكە بەسەر لایەنەكاندا یەكلا نەبووەتەوە.
لەبارەی بڕیاری فراكسیۆنەكەیشی بۆ دانانی نوێنەری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر پشكی ئەوان، گوتی: "چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە ئەو بابەتەیش یەكلا ببێتەوە، ئەوكات بڕیاری لەسەر دەدەین".




