پسپۆڕان دەچن بە دەم ئەو ئاوارە نەخۆشانەوە چارەسەریان لە كوردستاندا نییە

دیبەگە -KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیمێكی پسپۆڕی نەخۆشیەكان دەباتە كەمپی ئاوارەکانی شارەدێی دیبەگە و لەوێدا چارەسەری ئەو نەخۆشانە دەکات کە چارەسەریان لە کوردستان نییە؛ هەڵبەت داودەرمان و چارەسەری پزیشک بۆ نەخۆشەکانی کەمپەکە دەکات.
ڕۆژی 26/4/2015 لە درێژەی كارو چالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان، جگە لە دابینكردنی خۆراك و پێداویستی ڕۆژانە، هاوكات هەوڵ دەدات لە ڕووی تەندروستیشەوە گرنگییەكی زیاتریان پێ بدات، لەو میانەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی مانگی سووری ئیمارات (5) پزیشكی پسپۆڕیان داوەت كردووە؛ ئەوانیش لە یەكەم سەردانی مەیدانیدا سەردانی كەمپی دیبەگەیان لە سنووری شاری هەولێر كرد كە نزیكەی (1000) خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ كراوە، ئەو تیمە پزیشكییە لەگەڵ خۆیاندا دەرمان و پێداویستییەكی زۆری پزیشكیان هێناوە و هەوڵدەدەن پشكنین و چارەسەری زۆربەی نەخۆشەكان بكەن، هەروەها بۆ ئەو نەخۆشانەش كە چارەسەریان لە هەرێمی كوردستان نییە، ئەوان هەوڵ دەدەن نەشتەرگەری و چارەسەری پێویستیان بۆ بكەن، هەر لەو سەردانەدا تیمەكە جگە لە چارەسەركردنی ئاوارەکان، هاوكات خەڵكی دانیشتووی ناحیەی دیبەگەش چارەسەر دەكات و پشكنینان بۆ دەكات، تیمەكە ئامادەییان دەربڕیوە چەند ڕۆژێك لەنێو كەمپ و دانیشتووانی ناحیەكەدا بمێننەوە بۆ ئەوەی تەواوی نەخۆشانی دەڤەرەكە چارەسەر بكەن.




