دەبێ بەغدا 45 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە بنێرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بە بڕی پارەی نێردراو بۆ هەرێم دەكات و دەڵێت، هێشتا بەغدا دەبێت پابەندبوونی زیاتر بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداوە نیشان بدات، پێویستیشە بۆ مانگی 4 بەغدا 45 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە ڕەوانە بكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مەسعوود حەیدەر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا ئەو ڕێژەیەی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبوو بۆ ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، هەرێم كەمتری ناردووە، بۆیە بەغدا پارەی كەمی ڕەوانە كردووە، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، تواناكانیشی لەو بارەیەوە تەواو تەرخان كردوون و بەپێی یاسایی بودجەی 2015 دەبێت ڕۆژانە هەرێم 550 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت، لە بەرانبەریشدا بەغدا ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، داوایش لە بەغدا دەكەین كە بەپێی ڕێژەی نەوتی هەناردەكراو پارە نەنێرێت، بەڵكە دەبێت بەپێی ڕێككەوتنەكە بێت".
(مەسعوود حەیدەر) گوتیشی:"لە مانگی 3ـدا هەرێم ڕۆژانە 285 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ناردووە، لە بەرانبەردا عێراق 410 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێم ڕەوانە كردووە و 45 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە ناردووە، هەروەها بوودجەی هێزی پێشمەرگەیش بەدەرە لە هەناردەكردنی نەوت، ئەم هەنگاوەی هەرێمی كوردستان ئەرێنییە كە بە ناردنی 550 هەزار بەرمیل تەواو لە ڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر نزیك دەبینەوە و دەبێت عێراقیش پابەند بێت بە یاساكانانەوە و ئێمەیش دەبینە چاودێر بەسەر عێراقەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: "بەغدا لە مانگی 2ـدا 33 ملیۆن دۆلار و لە مانگی 3ـدا بڕی 45 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە ناردووە، لە مانگی 4ـیشدا دەبێت 45 ملیۆن دۆلار بنێرێت".




