٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خازر.. زیاتر لە 20 داعش كوژران و دەیانی دیكەیش بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info

خازر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری خازر رایگەیاند، شەوی رابردوو زیاتر لە دوو سەعات فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە بۆردوومانی تیرۆریستانی داعشیان كرد و، بەو هۆیەیشەوە زیاتر لە 20 داعش كوژران و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون و زیانێكی زۆری ماددییشیان بەر كەوت.

فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر مقەدەم (جادر سلێمان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوو رۆژ بوو تیرۆریستانی داعش لە میحوەری خازر دەستیان بە جموجۆڵ كردبوو، هەر بۆیە شەوی رابرد بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەعات فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە بنكە و بارەگاكانی داعشیان بۆردوومان كردن، لەو بۆردوومانانەیشدا زیاتر لە 20 تیرۆریست كوژران و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون، هەروەها زیانێكی زۆری ماددییش بەر تیرۆریستان كەوت و 3 ئۆتۆمبێلیان سووتێنران".

مقەدەم (جادر) ڕوونیشی كردەوە: "لە میحوەری خازر ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، لە ئامادەباشیی تەواودان".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار