فرسەت سۆفی: پارتی داوای سازان دەكات و تەبایی ناو پەرلەمان دەپارێزێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردستان وەڵامی ئەو لێدوانانە دەداتەوە كە فڕاكسیۆنی پارتییان پێ تۆمەتبار دەكرێت و دەڵێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە دەست پارتی نییە تا پەرلەمانی "ئیحراج" كردبێت، سەرۆكی هەرێمیش بە نووسراو داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بە سازان بابەتەكان یەكلا بكرێنەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە هەموو دەسەڵاتێك دراوەتە پەرلەمان، بۆچی سازان لەسەر پرسەكان ناكرێت؟.
پەرلەمانتاری كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد (فرسەت سۆفی) دەربارەی ئەو قسانەی كە دەگوترێت پارتیی دیموكراتی كوردستان بەرانبەر بە "ئیحراجكردنی پەرلەمان" بەرپرسیارە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی هیچ كات بە بێ هاوبەشەكانی بڕیار نادات، ئەو كاتەی لەگەڵ یەكێتی وەك زۆرترین كوتلەی پەرلەمانیش بوون، پارتی بە بێ لایەنەكانی دیكە بڕیاری نەدەدا و هەمیشە هەوڵی داوە بە سازان گرفتەكان چارە بكات".
(سۆفی) گوتیشی: "پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە دەست پارتی نییە تا پەرلەمانی "ئیحراج" كردبێت، ئینجا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نووسراو داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بە سازان بابەتەكان یەكلا بكرێنەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە هەموو دەسەڵاتێك دراوەتە پەرلەمان، ئەی بۆچی سازان لەسەر پرسەكان ناكرێت؟ لە كاتێكدا بە شایەتیی سەرۆكی پەرلەمان ئێمە لەگەڵ سازان بووین و بۆ هەندێك لایەنی دیكە لە حەقی خۆیشمان خۆش بووین، وەكو پارتییش بڕیارمان داوە كە پرسی دەستوور و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ئیجابیانە و گفتوگۆیەكی نەرم لەگەڵ لایەنەكاندا باس بكرێن، سەرجەم ئەندامانی پارتییش لە پەرلەمان بە بڕیاری سەرۆكی فڕاكسیۆن و ئارامیی هۆڵ و ڕێزگرتن لە ڕای بەرانبەر پابەند بوون، بە پێچەوانەوە ئەوە پارتییە كە تەبایی ناو پەرلەمان دەپارێزرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا: "ئەو لایەنانەی كە ئێستا لێدوان لە دژی پارتی دەدەن، هەر ئەوانە بوون لەلایەن پارتییەوە ڕێگایان پێ درا بە نوێنەرایەتیی پەرلەمان سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكەن، ئەگەر ئەمە سازان نەبێت، ناوی چی دیكەی لێ دەنێن؟".
كارزان سەباح هەورامی




