تیرۆریستانی داعش دەسـتی سێ كەسیان بڕی و 18ـیشیان لێ كوژران

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان ژمارەیەك داعش كوژراون. دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش بە تۆمەتی دزیكردن دەستی سێ كەسیان لەو شارە بڕیوە.
بەرپرسی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عیسمەت ڕەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆردوومانی مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشیان لە گوندی ئەلمریری سەر بە ناحیەی گەیارە لە باشووری شاری مووسڵ كرد و لە ئەنجامدا 15 تیرۆریستی داعش كوژران.
(رەجەب) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی غەزلانی لای راستی ئەو شارە و لە بەرچاوی خەڵكێكی زۆر، بە تۆمەتی دزیكردن دەستی سێ كەسیان بڕیوە كە خەڵكی شاری مووسڵ بوون".
بەرپرسی لقی 14ـی پارتی راشیگەیاند، كەمێك بەر لە ئێستا بۆمبێكی چێنراو لە چوارڕێیانی گوندی ئەلعەزبەی باشووری مووسڵ بە ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستانی داعشدا تەقییەوە كە لەلایەن چەكدارانی كەتایبی مووسڵەوە دانرابوو و لە ئەنجامدا سێ تیرۆریستی داعش كوژران.
نەشوان بەرزنجی




