پەرلەمان و حکوومەت کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەی جارێکی دیکە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەربارەی دروستکردنی لیژنەی ٢١کەسی بۆ ئامادەکردنی دەستوور لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکاندا کۆ بێتەوە و، ڕۆژی دووشەممەش سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان کۆ دەبنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لەپەرلەمانی کوردستان (ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆ بەشداری لە کۆبوونەوە خولی کە لەنێوان ئەنجومەنی وەزیران و، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت."
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، ئەو خولە کۆبوونەوانە بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاری لەنێوان ھەردوو لایەن، بە تایبەتی بۆ قسەکردن دەربارەی پرسی دەستوور و، جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی پەرلەمانی کوردستان پەسەندیان دەکا.
گوتیشی، بڕیارە ھەر سبەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دیسان دەربارەی دروستکردنی لیژنە ٢١کەسییەکەی ئامادەکردنی دەستوور، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکاندا کۆ ببێتەوە، کە ڕۆژی پێنجشەممە دیسان کۆ بوونەوە.
بڵند ئیبراھیم




