سازان لەهەموو كات پێویستترە

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەستوورەوە دەڵێ، جیاوازی زۆر لە نێوان لایەنەكاندا هەیە، بەڵام دەبێت بە گفتوگۆ بگەینە كۆدەنگییەكی نیشتمانی، نابێت كەسمان پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە خۆمان دەمانەوێت، بەڵكو دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە هەموومان دەمانەوێت.
(مەولوود باوەمراد) وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەیاسای دەستوور هەیە و، بڕیاری پێداچوونەوەی دراوە، پەرلەمانیش سەردانی لایەنە سیاسیەكانی كردووە بۆ ئەوەی سازان لەسەری بكرێت، هەموو لایەك بارودۆخی ئێستای لە بەرچاو گرتووە، جیاوازی زۆر لە نێوان لایەنەكان هەیە، بەڵام دەبێت بە گفتوگۆ بگەینە كۆ دەنگیەكی نیشتیمانی، نابێت كەسمان پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە خۆمان دەمانەوێت، بەڵكو دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە هەموومان دەمانەوێت."
(مەولوود باوەمراد) گوتیشی: "دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كاری خۆی كردووە كاتێك بۆ پرسی دەستوور سەردانی لایەنەكانی كردووە، چونكە پەرلەمان لە فراكسیۆنی حزبەكان پێك هاتووە، زۆر سادە و ساكارە پەرلەمان بۆ پرسێكی گرینگی نیشتمانی و نەتەوەیی وەكو دەستوور پرس بە لایەنەكان بكات، لە دواجار بڕیار بڕیاری پەرلەمانە بڕیاری چی دەدات."
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان جەخت دەكاتەوە هەموو لایەنەكان دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانیان لە بەرچاوە كە شەڕی داعش هەیە و باری ئابووری باش نییە، بۆیە سازان لەهەموو كات پێویستترە.
یەحیا سابیر




