٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: ناهێڵین لە کەرکووک هێزی دیکە دروست بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک KDP.info-جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و گەرمیان دەڵێت، هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک لەگەڵ ئەوەدان کە پێشمەرگە بەبێ‌جیاوازی هەموویان دەپارێزێت و، پێویست بە پێکهێنانی هیچ هێزێکی دیکە ناکات، جەختیش دەکاتەوە پێشمەرگە ناوچەکانی کەرکووکی ئازاد کردووە وناکشێتەوە جارێکی دیکە لەوناوچانە.

جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _گەرمیان(دیاری حوسێن) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین هێزی حەشدی‌شەعبی لێرەیشدا دروست بکرێت؛ هەڵبەت پێکهێنانی هێز بۆ پێکهاتەکان هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و، تەنها پێکهێنانی هێزی 'حەشدی‌شەعبی'ـمان پێ قبووڵ نییە."
(دیاری حوسێن) گوتیشی: "لە کەرکووکدا پێویستمان بە هیچ هێزێک نییە، لەبەر ئەوەی پێشمەگەر هەموو پێکهاتەکانی پاراستووە؛ لەوەتەیش چووەتە ڕۆژئاوای کەرکووک و، ناوچەکانی ئازاد کردووە و، داعشی وەدەر ناوە، ئاسایشی شاری کەرکووک زۆر باش بووە و، ئەو تاک‌تاکە تەقینەوەی دەکرێتیش، ئەوە لە زۆربەی شوێنی دیکەیشدا هەیە، بەڵام ئەوەی هەق ببینێت، دەڵێت مادامەکینێ پێشمەرگە هەیە، کەرکووک پێویستی بە هێزی دیکە نییە."
(حوسێن) گوتیشی، دیارە نیازێک هەیە هێز بۆ ناوچەکانی حەویجە و ڕەشاد و ڕیاز دروست بکرێت بۆ ئەوەی کەینێ ئەو شوێنانە ئازاد کران، ئەوان بیپارێزن، ئەگەرنا ناو کەرکووک جگە لە پێشمەرگە هیچ هێزێکمان قبووڵ نییە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین عەرەبەکان خۆیان ناوچەی خۆیان بپارێزن و، هێزیان بۆ دروست بکرێت.
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک و گەرمیان ڕوونیشی کردەوە، پێشمەرگە دەڤەری کەرکووکی ئازاد کردووە و، نایشکشێتەوە لەو ناوچانە، چونکە لە چوارچێوەی مادەی١٤٠دایە و، بووەتە ئەمری‌واقیع و، ناگەڕێنەوە لەو ناوچانە.
بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار