خوێندنگایەک بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی عەنکاوە کرایەوە

عەنکاوە-KDP.info- خوێندنگایەک بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی عەنکاوە کرایەوە تا لە خوێندنەکەیان دانەبڕێن.
لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، کۆمەڵە لوبنانیەکەی (فرح العطاء) لە کەرتی ١٠٨ی عەنکاوەدا قوتابخانەی (کۆمەڵەی پێکەوەژیانی هاوبەش) واتە (عیش المشترک)ـی دروست کردووە تا ئاوارە مەسیحییەکان لەوێ درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
لە کردنەوەی کۆمەڵەکەدا کە زۆر لە پیاو ماقووڵ و کەسایەتی ئاینیی مەسیحی ئامادەی بوون، سەرۆکی کۆمەڵگەکە (د. مەلحەم خەلەف) بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاسی بەرێز پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هاوکاریکردنیان و هەروەها ڕۆڵی پارێزگاری هەولێری لە پێشخستنی شاری هەولێر و هاوکاری و کۆمەکردنی ئاوارەکاندا بەرز نرخاند.
ئەمەو لە گوتارێکدا پارێزگاری هەولێر باسی ڕەوشی ئاوارەکانی کرد کە هەولێر باوەشی بۆیان کردووەتەوە و خۆزگەی خواست کە ئەو قوتابخانەیە هەمیشەیی نەبێت بۆ ئاوارەکان و، زووتر بچنەوە شوێنی خۆیان.
پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی بە بایەخی ئەو قوتابخانەیش کرد کە بۆ ئاوارەکان گرینگە تا لە خوێندن دانەبڕێن و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
ڕێورەسمی کردنەوەی قوتابخانەکە بە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر کۆتایی هات.




