٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەمید ئەفەندی: سەرۆك بارزانی هەوڵ دەدات پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نێودەوڵەتی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری باشیك ئاماژە بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا دەكات و دەڵێت، پێشبینی دەكرێت یەكێك لە داواكانی سەرۆكی هەرێم ئەوە بێت كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزێكی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

بەرپرسی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی راگەیاند: "چاوەڕوان دەكرێت چوونی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا، موژدەی دڵخۆشكەری بە دواوە بێت و ئەمەریكایش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ چەك بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

(ئەفەندی) گوتیشی: "بۆ هەموو لایەنە عێراقییەكان ڕوون بووەتەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان باڵانسەكەی راگرتووە، چونكە ئەگەر پیشمەرگە نەبووایە، داعش نیوەی زیاتری خاكی عێراقی داگیر دەكرد، بە تایبەتی پارێزگای كەركووك و تەواوی پارێزگای مووسڵ، ئێستایش پێشمەرگە ڕۆڵێكی بەهێز لە پاراستنی سنووری پارێزگاكە و وەستاندنی هێرشەكانی داعشدا دەبینێت، لە كاتێكدا ئەو جەنگەی تووشی پێشمەرگە بووە، زیاد لە 1200 كیلۆمەترە، ئەمەیش سنوورێكی فراوانە و بە هیچ شێوەیەك ئەگەر پێشمەرگە نەبێت كۆنتڕۆڵ ناكرێتەوە، ئەوەتا دەبینین حەشدی شەعبی چوار مانگە یەك گوندیان لە كەركووك پێ ئازاد ناكرێتەوە".

بەرپرسی میحوەری باشك دەشڵێت، (سەرۆك بارزانی) جیا لەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە ‌هەمان كاتدا وەك سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەموو جیهاندا دەناسێنرێت؛ بۆیە جیا لە دۆخی كوردستان و عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامی خۆی دەبێت كە پێشبینی دەكرێت یەكێك لە داواكانی ئەوە بێت، پێشمەرگە وەك هێزێكی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار