ئەو پارەیەی لە 2008ـەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی سنووری دیالە دانراوە، هەمووی خوراوە
دیالە-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە وەك نوێنەرانی پارێزگای دیالە، داوامان كردووە كە خزمەتی ئەو پارێزگایە بكرێت و وەك كوردیش نامانەوێت تۆڵە لە هیچ كەسێك بكەینەوە". دەشڵێت، ئەو پارەیەی لە ساڵی 2008ـەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە دانراوە، دیار نەماوە و هەمووی خوراوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (عەبدولعەزیز حەسەن حوسێن) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك نوێنەری پارێزگای دیالە بۆ ماڵی (سەلیم جبووری) بانگهێشت كراوم و دوو جاریش لە هۆڵی دەستووری لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و بەرگریی عێراقدا كۆ بوومەتەوە، لەو دانیشتنەیشدا قسەمان لەسەر ئەوە كردووە كە، ئەو ناوچانەی كوردستانین و ئازاد كراون، جارێكی دیكە نابێ ئەو كەسانە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە كە لەگەڵ تیرۆریستان بوون، بەڵام ئەو خەڵكانەی لە دێر زەمانەوە لە پارێزگای دیالە لەگەڵ ئێمەدا ژیاون و دەستیان لەگەڵ داعشدا تێكەڵ نەكردووە، دەتوانین پێكەوە لە ژێر سایەی پێشمەرگەدا بژین و هیچ دەرفەتێكیش نەماوە بۆ ئەوانەی هاوكاریی تیرۆریستانیان كردووە، لە كاتێكدا دەبێت سەرجەم ئاوارەكانی پارێزگای دیالە بگەڕێنەوە، چونكە گوشارێكی زۆر لەسەر شاری خانەقین دروست بووە".
(عەبدولعەزیز) گوتیشی: "لە 2006ـەوە تا ئێستا 2 هەزار شەهیدمان داوە و حكوومەتی عێراقیش هیچ هاوكاریی نەكردوون، ئەو بڕەپارەیەیش كە بۆ ژێرخانی ئابووریی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە دابین كراوە، نەگەییشتووەتە شارەكە و هەمووی خوراوە، بۆیە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو شوێنانە نەماوە و دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لەگەڵ نوێنەرانی بەغدا قسەمان كردووە و پێمان گوتوون كە كورد بیر لە تۆڵەكردنەوە ناكاتەوە، لە كاتێكدا تا ئێستا لەو سنوورە زیاتر لە 3 هەزار كەسمان شەهید بووە، هەرچەندە لەناو عەرەبدا نەریت وایە ئەگەر كەسێك بكوژرێت، دەبێت دوو كەس لەبری بكوژرێنەوە، بەڵام ئێمە بەرانبەر بەو 3 هەزار شەهیدەیش هیچ كاردانەوەیەكمان نەبووە و كەسێكیشمان نەكوشتووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا، بوونی میلیشیاكان لە پارێزگای دیالەدا هەڵە بوو و دەبوو ورتر كار لەسەر ئەوە بكرابایە، بۆیە میلیشیاكان مەترسین و دەبێت ڕێژەكەیان كەمتر بكرێتەوە.
كارزان سەباح هەورامی




