٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتیی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info- پاش بانگەوازەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، كە داوای لە رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی كوردستان و دەرەوە و نیشتمانپەروەران كردبوو بە مەبەستی بنیادنانەوەی شاری كۆبانی وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بدەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانییش تاكە دەزگا بوو كە بە دەنگ بانگەوازەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە چوو و بڕیاری دا لە پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانیدا بەشدارییەكی كاریگەر بكات و بڕی (500 هەزار) دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە تەرخان كرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك چۆن لە رابروودا لە ڕووی دابینكردنی خواردن و پێداویستی بۆ پەنابەرانی كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان و ناوخۆی هەرێمی كوردستان درێخی نەكردووە لە هاوكاریكردنیان، بە هەمان شێوە لە ئێستاشدا كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە دەكات، لە ئێستاشدا بۆ دووەم جار شاندێكی دەزگا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەكە، كە پێویستی بە چی بوارێكی خزمەتكردن هەیە، لەگەڵ دوو رێكخراوی بیانیدا سەردانی كۆبانییان كرد.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شاری كۆبانی و چۆنیەتیی هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چوونە شارەكە و سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی رێگەچارەكانی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و چۆنیەتیی گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ دانیشتووانی گەڕاوەی شارەكە كۆ كردەوە، پاشان شاندێكی دیكەی دەزگا بە مەبەستی چۆنیەتیی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە سەردانی ئەو شارەیان كرد و لەگەڵ خۆیان كاروانێك ئارد كە پێك هاتبوو لە (70) تۆن، گەیاندە خەڵكی شارەكە.
سەبارەت بە چوونی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ چەندین جار بۆ شاری كۆبانی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەكە و چۆنیەتیی ئاوەدانكردنەوەی، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (موسا ئەحمەد) رایگەیاند: "پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـیەوە بانگەوازێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی راگەیەندرا، ئێمەیش خۆمان بە بەختەوەر زانی وەكو تاكە دەزگای خێرخوازی بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە كوردییەدا بكەین، بۆیە ئێمە پێشتریش لە ڕێگای گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكانەوە زیاتر لە چوار جار سەردانی رۆژئاوای كوردستانمان كردووە و هاوكاری و كۆمەك و پێداویستیمان بەسەر پەناخوازانی شارەكە لەسەر سنووری وڵاتی توركیا و لە شاری ئورفە دابەش كرد، هەروەها بەردەوامین لە هاوكاریكردنی پەنابەرانی شارەكە چ لە رۆژئاوای كوردستان و لە كەمپی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستییان بەسەردا دابەش دەكەین".
(مووسا ئەحمەد) سەبارەت بە چۆنیەتیی گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ رۆژئاوای كوردستان و پەناخوازانی كۆبانی و چۆنیەتیی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، ئاماژەی دا: "وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵمان داوە لە ڕێگەی توركیاوە كۆمەك و هاوكارییەكانمان بگەیەنینە پەناخوازانی رۆژئاوای كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەیش چەندین جار توانیومانە هاوكاریی خەڵكی شاری كۆبانی بكەین، بۆ ئەمجارەیش شاندێكی دەزگا لەگەڵ دوو رێكخراوی ئەمەریكایی بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و چۆنیەتیی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شارەكە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاروانێك ئاردی گەیاندە شارەكە، كە لەسەر داوای دانیشتووانی شارەكە بوو و زۆر پێویستیان بە ئارد هەبوو، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پێویستی زانی (70) تۆن ئارد بگەیەنێتە خەڵكی شارەكە".
لەبارەی چوونی رێكخراوی دیكە لەگەڵ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ شاری كۆبانی، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "بە مەبەستی كردنەوەی دەرگایەك بۆ ئەو رێكخراوە جیهانیانەی كە دەیانەوێ لە بونیادنانەوەی شاری كۆبانیدا بەشدار بن، ئێمە بە پێویستمان زانی دوو رێكخراوی ئەمەریكایی كە ئامادەییان نیشان داوە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەدا بەشدار بن، لەگەڵ خۆمان ببەینە كۆبانی و بە چاوی خۆیان رەوش و بارودۆخ و دیمەنی خاپووربوونی شارەكە ببینن، هەروەها رێگایەك بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتیی گەیاندنی دەستی بونیادنانەوە بۆ شاری كۆبانی، كە ئەمەیش هەنگاوی یەكەم دەبێت و ئومێد دەكەین لە داهاتوویشدا نموونەی ئەو رێكخراو و دەزگا خێرخوازییانە زیاد بن كە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا بەشداری بكەن".
 

هەواڵی پەیوەندیدار