فڕاكسیۆنی زەرد: پێویستە هەموو لایەنەكان لە ئامادەكردنی دەستووردا بەشدار بن

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نوێنەری هەموو لایەنەكان لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووردا بەشدار بن، چونكە دەستوور هەمەلایەنەیە و پێوەستە بە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان و، تایبەت نییە بە هیچ لایەنێكەوە."
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (محەممەد عەلی یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان رای ئێمە لەبارەی دروستكردنی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوورەوە ئەوەیە كە، هەموو پێكهاتە و نوێنەری ئەو لایەنانەیش كە كورسیی پەرلەمانیان نییە، نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبێت".
(محەممەد عەلی) گوتیشی: "لەو كۆبوونەوەیەی رابردوویشدا لایەنەكان لەبارەی دروستكردنی ئەو لیژنەیەوە نەگەییشتنە هیچ رێككەوتنێك و رەنگە كۆبوونەوەی دیكە بكرێت و ئەو جیاوازییەی هەیشە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەر لایەنێك داوا دەكات نوێنەری زیاتری لەو لیژنەیەدا هەبێت".
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، هەر كاتێك پڕۆژەیاسای ئامادەكردنی دەستوور لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە واژۆ كرا، ئەو كات لیژنە ٢١ كەسییەكە دروست دەكرێت، بەڵام كۆبوونەوەی رابردوو وەكو كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بوو، بۆ ئەوەی هەندێك ئامادەكاری بكرێت تا بە چ میكانیزمێك دەست بە دروستكردنی بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




