زانا ڕۆستایی: بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كورد لە بەغدا، دەست بە گفتوگۆ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- هێشتا بەشێكی زۆری پۆستەكانی كورد لە بەغدا یەكلا نەكراونەتەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارە لەو بارەیەوە گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (زانا سەعید ڕۆستایی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو بە كوتلە كوردستانییەكان ڕاگەیەندراوە كە هەر كوتلەیەك نوێنەری خۆیان دیاری بكەن و، جێگری سەرۆكی حكوومەت (د. ڕۆژ نووری شاوێس)ـیش ئاگادار بكەنەوە تا كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە بكرێت و پرسی پۆستەكانی كورد لە بەغدا یەكلا بكرێتەوە".
(رۆستایی) گوتیشی: "بە شێوەیەكی جیددی لە حكوومەتی عێراقدا بەشدار بووین، بۆیە ئەوە مافی كوردە كە كەسانی بەتوانا و شارەزا لەو پۆستانەدا دابنێت كە لەلایەن بەغداوە بۆ كورد دیاری كراون و، چاوەڕوان دەكەین دەرئەنجامی گفتوگۆكان لەناو لیستە كوردستانییەكان باش بێت و دوای كۆبوونەوەكەیش، نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بۆ پۆستەكانی بەغدا دیاری دەكرێن".
لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتیی (حەیدەر عەبادی)، تا ئێستا بریكار و پۆستە ئیدارییەكانی خوارەوەی وەزارەتەكان بە لایەنە كوردییەكان نەدراوە.
كارزان سەباح هەورامی




