قاسم دربۆ: ئازادكردنی شنگال نزیك بووەتەوە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەی پێ داون كە شنگال ئازاد بكرێت، بەڵام ئازادكردنی ئەو ناوچانە، بە ئازادكرنی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەكی دیكەوە گرێ دراوە، لەبەر ئەوەی پێویستە ئەو ناوچانە لەگەڵ مووسڵدا هەمووی ئازاد بكرێن.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم دربۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئازادكردنی شنگال نزیكە و هەموو ئامادەكارییەكی بۆ كراوە، بەڵام پێویستە لە كاتی ئازادكردنی شنگالدا چەند ناوچەیەكی دیكەیش ئازاد بكرێن، لەوانە تەلەعفەر، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕێی هاتنی سوپای عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی ناوچەی بەعاج و چەند ناوچەیەكی دیكە ئازاد بكەن و، بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بكەن".
(دربۆ) گوتیشی: "هەر كاتێك سوپای عێراق هێرش بكات، هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە و دەتوانێ لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ناوچانە ئازاد بكات".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال راشیگەیاند، لەبەر ئەوەی شنگال بەو ناوچانەوە گرێ دراوە، بۆیە تاوەكو ئێستا ئازاد نەكراوە، ئەگەرنا ئازادكردنی شنگال ماوەیەكی زۆر كەمی پێویستە.
بڵند ئیبراهیم




