پێویستە لەو دیو حەمرینەوە یەک لیست بین

بەغدا-KDP.info-لەبەغدا هێشتا فراکسیۆنی کوردی پێکنەهێنراوە و پەرلەمانتارێکیش وای دەبینێت کە ئیدی لە مەکتەبی سیاسی پارتەکانەوە بڕیاری پێکهێنانی فراکسیۆنەکە بدرێت، چونکە ئیدی کاتی ئەوەیە لەو دیوی حەمرینەوە لە چوارچێوەی یەک لیستدا بین.
تا ئێستا کورد لە بەغدا لەبابەت پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردیی نەگەیشتووەتە رێک کەوتن؛ فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان چەندین هەوڵی جیددی داوە تا لایەنەکان کۆ بکاتەوە و فراکسیۆنێکی کوردی پێک بهێنرێت، هەروەک (د.ئەشواق جاف) پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا دەڵێ، دوو كۆبوونهوه بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردی ئەنجامدراوە، بەڵام نەگەیشتووین بە رێک کەوتن و فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش نووسراوێکی ئاراستەی لایەنەکان کردووە کە پێویستە هەموو لایەکمان بەزووی فراکسیۆنی کوردی پێکبهێنین.
(جاف) دەیخاتە ڕوو کە واباشە مەکتەبی سیاسیی گشت ئەو پارتە کوردیانەی کە کورسی پەرلەمانیان لە بەغدا بەدەستهێناوە کۆ ببنەوە و لەوێدا و تەوافقی بۆ بکرێت، ئاخر وای دەبینم کە لە بەغدا ناتوانرێ ئەو فراکسیۆنە پێک بهێنرێت.
(د.ئەشواق) ئاماژەیشی دا، لەبەغدا یەکهەڵوێست و یەکگوتارمان بۆ دۆزی کورد هەیە، بەڵام زۆر پێویستیشە کە فراکسیۆنی کوردی دروست بکرێت، چونکە دۆخەکە وا دەخوازێت و کاتی ئەوەیە کە ئیدی لەو دیوی حەمرینەوە لەچوارچێوەی یەک لیستدا بین.
نهشوان بهرزنجى




