ئاوەدانکردنەوەی قەڵادزێ ئەرک و ئەمانەتێکە لە ئەستۆی حکوومەت دا
__2015_04_24_h14m54s54__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێم لە پەیامێکیدا لەیادی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێدا دەڵێ، ئاوەدانكردنەوەی شاری قەڵادزێی خۆڕاگریش ئەرك و ئەمانەتێكە لە ئەستۆی حكوومەتدا و لەم پێناوەیشدا هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە دانیشتوانە سەربەرزەكەی كە لەم ڕۆژگارەدا و لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا خاوەنی چەندین شەهیدی قارەمانن.
دەقی پەیامەکەی حکوومەت:
ئەمڕۆ ٤١ ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێی ئازیزدا، لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی عێراقی تێدەپەڕێت. یادی ئەم شارە خۆڕاگر و زیندووەی كە لە هەموو قۆناغە مێژووییەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیماندا هەمیشە لە بەرخۆدان و قوربانیداندا پێشەنگ بووە. ئەم شارەی كە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە میانەی لەخۆگرتنی تاكە زانكۆی ئەو دەمی كوردستانەوە، ببووە مەڵبەندی زانستیی ناوچە ئازادەكانی شۆڕش. ئەمڕۆ كە یادی بۆردومانكردنی شارێك و زانكۆیەكی شەهیدمان دەكەینەوە، گەلەكەمان خاوەنی دەیان زانكۆی سەردەمیانە و پێشكەوتووە، ئەم ڕاستییە بەڵگەی زیندوێتی ئەم گەلە و خەونی هەمیشەییەتی بۆ پێشكەوتن و گەشە و ژیانی سەربەرزانە و شارستانیانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە ئاوەدانكردنەوەی كوردستانی لە پێشەوەی بەرنامەكاری خۆیدا داناوە و بەردەوام كاری بۆ كردووە. ئاوەدانكردنەوەی شاری قەڵادزێی خۆڕاگریش ئەرك و ئەمانەتێكە لە ئەستۆی حكوومەتدا و لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە دانیشتوانە سەربەرزەكەی كە لەم ڕۆژگارەدا و لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا خاوەنی چەندین شەهیدی قارەمانن.
خۆڕاگری و قوربانیانی قەڵادزێ و سەرجەم شار و گوندەكانمان هەمیشە لەبەرچاومانە و كاری جدیشمان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەكانی ئەو كاولكاریانە كردووە وبەردەوامیش دەبین لەسەری. دەبێ حكوومەتی عێراقی فیدرالیش بە ئەركی خۆی هەڵسێت لە قەرەبووكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی كوردستان لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو، لە هەموو ڕوویەكی مادی و مەعنەوی و ژینگەییەوە.
ئەگەر خەونی داگیركەران و دوژمنان هەمیشە كاولكاری و ستەمكاری بووبێت، ئەوا شاری قەڵادزێی خۆڕاگرمان بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستییەیە كە خەونی گەلەكەمان هەمیشە ئاشتی و ئاوەدانی و پێشكەوتن و ژیانی شارستانیانەیە.
یادی شەهیدانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ لە ١٩٧٤دا و یادی شەهیدانی ڕاپەڕینە پیرۆزەكەی ساڵی ١٩٨٢ی ئەم شارە خۆڕاگرە، بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەریی گەلەكەماندا دەمێنێتەوە.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی كورستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
٢٤-٤-٢٠١٥




