بێبەرامبەر ئازاد کران

خورماتوو-KDP.info-ئەو دوو کەسەی بەینێ لەمەوبەر رفیندرابوون وا ئازاد بوونە، دەڵێن ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێ، خەڵکەکە چاویان پێوە بووە کە ئەو دوو کەسەیان دەڕفاند.
شەوەکەی 21/4/2015 لە گەڕەكی عەسكەری شارۆچكەی خورماتوو، هێزێكی چەكدار بە سێ ئۆتۆمبێلی توێتادەبڵەوە چووبوونە سەر (سەیاد عەبدولئەمیر غەیدان) و، (مەحموود شوكر) و، هەردووکیانیان ڕفاندبوو؛ ئەو دووانە هەردووکیان عەرەبی سوننەمەزەبن.
سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ببەین، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "کە هێزەکە ئەو دوو پیاوەیان دەڕفاند، خەڵكەکە چاویان پێوە بووە و، زانیبوویان لە هێزەکانی بەدرن؛ ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەیش بووبێ بەدر دوو کابراکەیان بەرەڵا کردووە."
ئەو کاتەی تازە ئەو دوو کابرایە ڕفێنرابوون، ڕائید (فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو: "دوو ڕفێندراوەكە ناویان لەو لیستەدا نییە کە هێزە ئەمنییە كوردستانییەكانی ناوچەكە بە شوێنیانەوەن و، دیار نییە لەبەر چی ڕفێندراون."
لەوەتی چەكدارە شیعەكان هاتوونەتە سنووری خورماتوو، زیاتر لە 50 هاووڵاتیی عەرەب و توركمانی سوننەمەزەب ڕفێندراون؛ هەندێکیان بە پارە، بەر دراون، بەڵام زۆربەیان هێشتا بێسەروشوێنن.
سەبارەت بە تاوانی كوشتن و ڕفاندن، قایمقامی ناوچەكە وەختی خۆی وای بە ڕاگەیێنەوانییەکان ڕاگەیاندبوو: "زۆربەی ئەوانە داوا كراون و، کاتی خۆی پەیوەندییان بە گروپە تیرۆریستییەكانەوە هەبووە."




