حكوومەت 20 هەتا 25 تەن چیمەنتۆ دەداتە خەڵک

هەولێر-KDP.info- هەر کەسێک لە ناو شاردا خانوو دروست بكا، 25 تەن چیمەنتۆی دەدرێتێ؛ ئەوەی لە شارۆچكە و شارەدێیەکاندا خانوو بکات، ٢٠ تەن چیمەنتۆی پێ دەدرێت و، ئەوەیشی لە گونداندا خانوو بکات ١٥ تەنی پێ دەبڕێت.
(ئاراس ڕەئووف) بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان،بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جاران ئەوەی لە شاراندا خانووی بکردایە، حکوومەت ٢٠ تەن چیمەنتۆی پێ دەدا، بەڵام لەمەولا حکوومەت زیاتر لە جاران چیمەنتۆ دەداتە خەڵک؛ هەر کەسێک خانوو بکات، ئەگەر لە شاردا بیکات، ٢٥ تەن چیمەنتۆی بەر دەکەوێت؛ ئەگەر لە شارۆکە و شارەدێدا بیکات، ٢٠ تەن و، ئەگەر لە گوندانیشدا نیازی خانووکردنی هەبێت، ١٥ تەن چیمەنتۆی پێ دەبڕێت."
(ئاراس ڕەئووف) گوتیشی: "هەموو ئەو كەسانەی كە خانوو دەکەن بیکەنە ماڵ، ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە؛ بەڵام بۆ بواری بازرگانی یان بواری تر، چیمەنتۆ بە كەس نادرێت؛ ئەگەر کەسێک نیازێکی وای هەیە با بچێتە بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و، لەوێ داوای چیمەنتۆ بکات."
بەرێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی ڕوونیشی كردەوە: "ماوەیەک چیمەنتۆ زۆر گران بوو، ئێستا تەنێ ٨٠هەزارێک دەبێت؛ ئەو چیمەنتۆیەی حکوومەت دەیداتە خەڵک، تەنێك بە 60هەزار دینار دەیانداتێ. هەر کەسێک مامەڵە پێشكەش بکات، ڕۆژێك پاشتر چیمەنتۆكەی وەردەگرێت."
ساڵانە زیاتر لە 320هەزار تەن چیمەنتۆ دەدرێتە هاووڵاتیان و، هەزاران كەس بەشی خۆیان بردووە.
یەحیا سابیر




