٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکمانەکان: هەر سەرۆک بارزانی دەتوانێ ئیدارەی ئەم قۆناخە بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- نوێنەری بەرەی تورکمانی (ئایدن مەعروف) لەگەڵ نوێنەری پارتیی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمان (مونا قەهوەچی) رایدەگەینن کە، کوردستان پێویستی بە (سەرۆک بارزانی) هەیە و مانەوەی (بارزانی) لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە بەرژەوەندی گشت پێکهاتەیەکی کوردستانی دایە.

سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان (ئایدن مەعروف)  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان جارێ پێویستی بە (بارزانی) هەیە، چونكە (بارزانی) تایبەتمەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی هەیە؛ توانیویەتی ئەزموونی سیاسی ناوچەكە و جیهان وەربگرێت، كەسی تر نییە بتوانێت ئەم قۆناخە ئیدارە بكات."
(ئایدن مەعرووف) گوتیشی: "لە ناوچەكەدا ململانێیەكی توند هەیە و، بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان وا دەخوازێت (بارزانی) لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە؛ بە داخەوە هەندێك لایەنی سیاسیی كوردستان پرسی دەستوور و سەرۆکایەتیی (بارزانی)ـیان كردووەتە مزایەدەی سیاسی."
ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی پێی وایە بارودۆخی كوردستان دۆخێكی تایبەتە و، دەبێت لایەنەكان مامەڵەیەكی ورد و نەرمی لەگەڵدا بكەن و، واز لە مزایەدە بهێنن.

لای خۆیشیەوە (مونا قەهوەچی) سەرۆكی لیستی چاكسازی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە وەك نوێنەری حزبە سیاسییەكانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە پێویستی دەزانین لەو كاتوساتەدا كە هەرێمی كوردستان تووشی شەڕی داعش بووە، لایەنە سیاسییەکان ڕێک بکەون سەرۆكی هەرێم لە پۆستەکەی خۆدا بمێنێتەوە؛ ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكان و خەڵكی كوردستاندایە."
(مونا قەهوەچی) گوتیشی: "ئێمە هەقمان نییە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان بخۆین؛ چونكە 30%ـی خەڵكی كوردستان بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەكردووە و، دەنگیان بەم پەرلەمانتارانەی ئێستای كوردستان نەداوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بڵێین ئێمە نوێنەری تەواوی خەڵكی كوردستانین، ئێمە نوێنەری ئەوانەین كە دەنگیان داوە، بۆیە بە پێویستی دەزانم خەڵک خۆیان سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرن، چونكە ئەمە ڕەوتێكی دیموكراتیکە و، دەبێ خەڵك بڕیار بدات كە كێ ببێتە سەرۆكی هەرێم نەك پەرلەمانتاران."

ڕابین شێروانی- یەحیا سابیر

 

هەواڵی پەیوەندیدار