٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردانی شەبەک چاوەڕوانی مادەی ١٤٠ ناکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی دەستەی شەبەك ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆک (بارزانی)ـدا کۆ بوونەتەوە و، ئیتر چاوەڕوانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ناکەن و، دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.

(سالم جومعە) سەرۆكی دەستەی شەبەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوێنێ خەڵكی شەبەك گەلێک دڵیان خۆش بوو کە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵیاندا کۆ بووەوە و، پێیانی ڕاگەیاند، وەنەبێ شەبەك لە هەرێمی كوردستاندا ئاوارە بن، ئەوان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن؛ بەڕێزیان ڕایشیگەیاند، بەرنامە دانراوە و، بەو زووانە هەموو ناوچەیەکی شەبەك‌نشین ئازاد دەكەین و، خەڵكەكەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
گوتیشی: "ئێمە فەوجێكی شەبەكمان هەیە كە لە 650 كەس پێك هاتووە؛ دوو فەوجی دیكەیش هەن؛ هەموو ئامادەكارییەك كراوە و، داوامان لە سەرۆكی هەرێم كرد كە ئەوانەیش مەشق و ڕاهێنانیان پێ بكرێت با لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا بچنە بەرەكانی پێشەوە بۆ بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان. ئەو دوو فەوجەیش لە ماوەیەكی نزیكدا دەچنە  سەر وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئێمە خۆمان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەزانین."
سەرۆكی دەستەی شەبەك ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كۆبوونەوەی دوێنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم لە كات‌وساتی خۆیدا بوو، بۆ خەڵكی شەبەك زۆر گرنگ بوو؛ لە كۆبوونەوەکەدا باس لە ماددەی ١٤٠ـیش كرا و، ئێمەی خەڵكی شەبەك بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان ڕاگەیاند، چیدی چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو ماددە ناكەین و، داوا دەكەین هەرچی زووە بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان و، ڕازی نابین بگەڕێینەوە سەر پارێزگای مووسڵ."
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار